گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەشیر حەداد: هێشتا هەرێم و بەغدا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی

2020.05.17 - 10:48
بەشیر حەداد: هێشتا هەرێم و بەغدا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی

ناس کورد-

جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، تائێستا دانوستانەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کێشەی نەوت و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەگەیشتونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی.

 

بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنامەی سەباح نیمچە فەرمی عێراقی ڕایگەیاند: "لە ماوەی ڕابردوودا چەند گەڕێکی دانوستان لەبارەى کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ئەنجامدراوە کە تایبەت بوون بە نەوت و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم".

 

حەداد ئاماژەی بەوەکردووە کە "دانوستانەکانی نێوان حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە سەردەمی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدیدا تاڕادەیەکی باش بەرەو پێشەوەچوون و هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامی دانوستانەکان و ژمارەیەک لیژنەی هونەری دروستکرا، هەرێم ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ ڕادەستکردنی نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆی تایبەت بە بازاڕکردنی نەوتی نیشتیمانی عێراق.

 

وتیشی: "دانوستانەکان بەردەوامییان دەبێت بەڵام تائێستا لە بارەی ناوەڕۆکی دانوستانەکانەوە ڕێککەوتنی کۆتایی نەکراوە".

 

چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا دانوستانەکانى هەرێم و بەغدا دەستپێبکەنەوە، بەوتەى ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق هەرێم داواى 700 ملیار دینار دەکات لە بەرانبەر ڕادەستکردنى 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەى داهاتى گومرگ و خاڵە سنورییەکان.  

 

زیاتر بخوێنەوە: وردەکاری نوێی دانوستانەکانى هەرێم و بەغدا؛ ڕادەستکردنى نەوت و داهاتى گومرگ بەرانبەر 700 ملیار دینار

 

بەدرێژایی چەند هەفتەى ڕابردوو سێ قۆناغى دانوستان لەنێوان هەرێم و بەغدا بەڕێوەچوون، دواى ئەوەى بەغدا لەمانگى ڕابردوودا پارەى تایبەت بە موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى بڕى کە بڕەکەى 454 ملیۆن دۆلارى مانگانە بوو.  

 

جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "هەرێمى کوردستان و بەغدا لە دانوستانەکاندا چەند داوایەکیان لەیەکتر هەبووە و وەڵامى یەکتریان داوەتەوە" و دانوستانەکانى ئەم هەفتەیە بۆ تاوتوێکردنى وەڵامەکان و گەیشتنە بەرێککەوتن".  

 

وتیشى، "یەکێک لە داوا سەرەکییەکانى بەغدا زانینى ژمارەى ڕاستەقینەى فەرمانبەرانى هەرێم بووە، هەرێمیش ئەوەى ڕادەستکردووە، ئەوەش هەنگاوێکى باش بووە بۆ ئەوەى هەردولا نیازى خۆیان بۆ ڕێککەوتن نیشان بدەن".