کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد-
بانكە ناوخۆییەكانی عێراق ئاگاداردەكرێنەوە بە كۆكردنەوەی پارەی دڕاو و سوتاو و گەڕاندنەوەیان بۆ بانكی ناوەندی و گۆڕینەوەیان بە پارەی نوێ.
لەراگەیەندراوێكیدا بانكی ناوەندی عێراق داوا لە سەرجەم بانكەكانی ناوخۆ دەكات پابەندی بڕیاری كۆكردنەوەی ئەو پارە دڕاو و سوتاوانە بن كە لە بانكەكانیاندا هەیە و بیگێڕنەوە بۆ بانكی ناوەندی بەمەبەستی گۆڕینەوەیان.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی بانكی ناوەندی عێراق كە گشتاندنی بۆ كراوە بۆ سەرجەمی بانكە ناوخۆییەكان، داوایان لێدەكات سەرجەمی ئەو پارە دڕاو یان سوتاوون و چیتر بە كەڵكی ئەوە نایەن مامەڵەیان پێوە بكرێت و لەنێو بانكەكاندایە یاخود لە هەژماری هاووڵاتیاندایە هەمووی كۆبكرێتەوە و بنێردرێتەوە بۆ بانكی ناوەندی تا ئاڵوگۆڕیان پێ بكرێت.
هاوكات راگەیەندراوەكە بانكەكان رادەسپاردووە تۆمارێك دابنێن بە سەرچاوەی ئەو بڕە پارانە و تۆماركردنی ناوی ئەو كەسانەی كە پارەی دڕاو و سوتاویان هەیە و بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەبانكەكانی سەر بە بانكی ناوەندی عێراق دەتوانن بیگۆڕنەوە و هۆشداری ئەوەش دراوە كە ئەگەر بانكەكان ئەو كارە نەكەن تووشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبن.