ناس کورد-
لەبارەی داگیرکردنی زەوی و زیادەڕۆییکردن بۆسەر موڵکی گشتیی و هاووڵاتیان، نوسینگەی پارێزگاری هەولێر ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئیتر عەنتەریات و یاساشکێنی و پیسخۆری لە کەس قبوڵ ناکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەندراوێکدا نوسینگەی فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: "دوای گەیشتنی سکاڵای چەند هاوڵاتیەکی شاری هەولێر کە کەسێک بە ناوی هێرش تەیار دەستی بەسەر زەویەکانیان داگرتووە و ناهێڵیت بەکاری بهێنن کە بۆ دروستکردنی چەند کارگەیەک بۆیان تەرخان کراوە. پارێزگار سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێری راسپارد بۆ بە دواداچوونی بابەتەکە".
ئاماژەی بەوەشکردووە: "دوای بەدواداچوون دەرکەوت هێرش تەیار لەو شوێنە رووبەری ٦٦٠٠٠ مەتر دوجای لە ساڵی ٢٠٠٣ وەرگرتووە و لە ساڵی ٢٠١٣ گرێبەستەکەی کۆتایی هاتووە، کەچی هەر بەوە نەوەستاوە و زێدەرۆیی کردۆتە سەر رووبەری ١١١٩٠٠مەتر دووجا، تەنانەت تەجاوزی کردۆتە سەر شەقامی گشتی بە درێژی ٣٣٠ مەتر و بە پانی ٤٠ مەتر، هەروەها شەقامێکی دیکە بە درێژی ٢٠٠ مەترو پانی ٢٥مەتر ".
لە ڕاگەیەندراوەکەی پارێزگاری هەولێردا ئەوەش هاتووە: " بەوهۆیەوە لە لایەن پارێزگاری هەولێر بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان بانگ کرا بۆ هەڵگرتنی ئەو زێدەرۆییانە، دوای ئەوەی بەردەوام بوو لە پێداگیریکردن لەسەر داگیرکردنی موڵک و ماڵی گشتی، لەلایەن پارێزگار ئاگادار کرایەوە کە دەدرێتە دادگاو دەبێت ملکەچی یاسا بێت و ئیتر عەنتەریات و یاسا شکێنی و پیسخۆری لە کەس قبوڵ ناکرێت، بەڵام هەڵساوە نووسینێکی بە زمانی تەشهیر و بوختان هۆنیوەتەوە و چەند پەیج و سایتێکی قین لە دڵ و دژە چاکسازیش بۆیان بڵاو کردۆتەوە".
پارێزگاری هەولێر دەشڵێت: "دەبێت گەندەڵکاران بزانن، هەڵبەستنی بوختان و درۆ بە کەڵکیان نایەت و رێکاری یاسایی توند بەرامبەریان دەگرینەبەر، هەرچەندە زۆرینەی خەڵکی هەولێر پاشەڵ و پاشخانی پڕ لە پیسخۆری ئەمانە دەزانێت، بەڵام لە گەڵ ئەوەش بە پێویستمان زانی ئەم روونکردنەوەیە بڵاو بکەینەوە و هەموو دیکۆمێنت و بەڵگەنامەکانی گەندەڵیەکانیان و زێدەرۆییەکانیان دراونەتە دادگا".