ناس کورد-
وەزیری ناوخۆی هەرێم ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان لە قەیرانی داراییدایە، دەشڵێت سەرۆکی حکومەت زۆر خەم لە موچەخۆران و هاووڵاتیان دەخوات، بەڵام توانای دارایی حکومەت هەر ئەوەیە و بە شەفافی دەیڵێن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دەربارەی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند: "بەرپرسیارێتی حکومەتی هەرێم لێرەوە کۆتایی دێت و دەکەوێتەسەر هاووڵاتیان، ئەوەی لەسەر ئێمە بوو کردمان، ئیتر هاووڵاتی خۆی لە ژیانی خۆی بەرپرسە، چونکە ئێمە لەوە زیاتر هیچیترمان لەدەست نایەت و توانای مادی پێویستیشمان لەبەردەست نییە".
وتیشی، بارودۆخی ئابوری نالەبارە و هۆکارەکانیشی دیارە کە دابەزینی نرخی نەوت و نەبوونی داهاتی ناوخۆ و بڕیارێکی سیاسی لە بەغدا بە ڕاگرتنی شایستە داراییەکانی هەرێمە.
وەزیری ناوخۆی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی حکومەت زۆر خەمی موچەخۆرانیانە، خەمی ئەو هاووڵاتیانەیانە کە بارودۆخی ژیانیان باش نییە، خەمی خەڵک خەمی ئێمە و لێی تێدەگەین، بەڵام توانای دارایی ئەم حکومەتە هەر ئەوەندەیە".
ڕێبەر ئەحمەد باسی لەوەشکرد: "ئێمە زۆر ڕاستگۆ و شەفافین لەگەڵ خەڵکی خۆمان، لەبابەتی کۆرۆنا زۆر بە راستگۆیی مامەڵەمان کرد، لەبابەتی داراییش هەروادەکەین و کردوومانە، هیواداریشین بەزووترین کات و بە کەمترین زیان لە قەیرانی داراییش تێپەڕین ".