گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

خاڵە سنوريەكانى هەرێم و ميليشيا و هێزە ئەمنيەكانى عێراق تۆمەتبار دەكرێن

سەرەڕاى قەدەغەكردنيان هێنانى پێداويستى كشتوكاڵى ئێرانى و ئاژەڵى سورى بۆ عێراق بەردەوامە

2020.05.13 - 23:28
App store icon Play store icon Play store icon
سەرەڕاى قەدەغەكردنيان هێنانى پێداويستى كشتوكاڵى ئێرانى و ئاژەڵى سورى بۆ عێراق بەردەوامە

ناس کورد- 

بەگوێرەى سەرچاوە حكومى و ئەمنيەكانى عێراق، سەڕەڕاى قەدەغەكردنيان بەهۆى ئەوەى بەرهەمى ناوخۆ بەشى پێداويستى ناوخۆيى دەكات، بەڵام چەندين كاڵا وەك خۆراك و ئاژەڵ لە ئێران و سورياوە دەهێنرێنە خاكى عێراقەوە، ئەوەش سەرەڕاى داخستنى سنورەكان بەهۆى بڵاوبونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆناوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ماڵپەڕى "الحرة" لەزارى چەند سەرچاوەيەكى باڵاوە بڵاويكردوەتەوە، بارهەڵگرەكانى ئێران كە تەماتەيان هەڵگرتوە لە خاڵە سنوريەكانەوە دێنە ناو خاكى عێراق ئەوەش سەرەڕاى ئەوەى هێنانى ئەو مادە خۆراكيە قەدەغە كراوە بەهۆى ئەوەى بەرهەمى ناوخۆ بەش دەكات.

 

ڕونيشكراوەتەوە، ليژنەيەكى حكومى كە لە سەرباز و فەرمانبەرانى مەدەنى پێكهاتون 500 بارهەڵگرى تەماتەيان ڕاگرتووە كە ويستويانە بچنە ناو پارێزگاى بەغداوە، ئەوەش لە دورى 200 كيلۆمەتر لەو خاڵە سنورييەى كە لێوە هاتوەتە ناوەوە كە خاڵى سنورى "پەروێزخان"ە لە سنورى پارێزگاى سلێمانى لە هەرێمى كوردستان.

 

بەگوێرەى زانيارى سەرچاوەكان، خاڵەكانى پشكنين كە لەسەر ڕێگەكانن لەبەرامبەر بڕێك پارە كە وەك بەرتيل دەدرێت ڕێگە دەدەن ئەو مادانە بهێنرێنە ناوەوە، بەغداش دەستى كردوە بە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو بارهەڵگرانەدا كە لە كەلارى سەر بە پارێزگاى سلێمانيەوە دێن و وەك قاچاخ مامەڵەيان لەگەڵ دەكرێت.

دەروازەى سنورى پەروێزخان پێش 12 ساڵ كراوەتەوەو نزيكە لە دەروازەى سنورى مونزريە لە پارێزگاى واست، بەڵام بازرگانان پەروێزخان هەڵدەبژێرێن بۆ هاتوچۆ چونكە ئاسانكارى زۆريان بۆ دەكرێت.

 

بەپێى زانياريەكانى ماڵپەرى "ئيرنا"ى ئێرانى نزيكەى 50% ى ئەو كەلوپەلە نا نەوتيانەى لە ئێرانەوە دەهێنرێنە عێراقەوە لەو خاڵە سنوريەوەيە، بەڵام سەرچاوە حكوميەكان باس لەوە دەكەن كە بەغدا كۆنترۆڵى بەسەر ئەو مادانەدا نييە كە لەوێوە هاوردە دەكرێن.

 

سەرچاوەيەك بە ماڵپەرەکەى وتوە، خاڵە سنوريەكانى هەرێمى كوردستان ڕێنماييەكانى حكومەتى بەغدا جێبەجێ ناكەن تايبەت بە داخستنى سنورەكان لەگەڵ ئێران، ياخود ئەو ڕێنماييانەى بۆ قەدەغەكردنى هاوردەكردنى كاڵاكان دەردەكرێن، سەرەڕاى ئەوەش گومرگى كەمتر وەردەگرن، ئەوەش بوەتە هۆى ئەوەى كارەكانمان سودى دەبێت بەهۆى ئەوەى بازرگانەكان دەيانەوێت لەو خاڵە سنوريەوە كاڵا بهێنن.

 

سەرچاوەيەكى حكومى عێراقى باسى لەوەكردوە، هەروەها كەسانى نزيك لە ميليشياكان دەستگير كراون كە ئاسانكاريان بۆ هێنانى كاڵاى ئێرانى كردوە، سەرەڕاى ئەوەش مليۆنان سەر ئاژەڵ لە سنورەكانى سورياوە دەهێنرێنە عێراقەوە.

 

سەرچاوەكە ئەوەشى ڕونكردوەتەوە، وەزارەتى كشتوكاڵ ئاشكرايكردوە كە چەندين كارى قاچاخ ئەنجام دەدرێن كە لايەنى ئەمنى دەسەڵاتداريان لە پشتەوەيە و ئەوەش دواى ئەوەى ئاشكرا بوە كە ژمارەيەكى زۆر بارهەڵگر كە مليۆنێك بۆ مليۆنێك و 250 هەزار سەر ئاژەڵيان هێناوەتە عێراقەوە، بەپێى پەڕاوە فەرميەكانيش ئەو ئاژەڵانە لە شارى عەفرينى سورياوە هێنراون كە نزيكە لە سنورەكانى عێراقەوە.

 

رونيشكراوەتەوە، وەزارەتى كشتوكاڵ دەزانێت كە ئەوە جێى باوەڕ نييە چونكە ئەو شارە ناتوانێت ئەو هەموو ئاژەڵە بەرهەم بهێنێت و دواى لێكۆڵينەوەكە دەركەوتوە كە ئەو دزەپێكردن و بە قاچاخ بردنە لەلايەن هێزە ئەمنيەكانەوە ئەنجام دەدرێن.

 

بەپێى وتەى هەمان سەرچاوە، سەرۆكايەتى ئەنجومەنى وەزيران و دەستەى نەزاهە لێكۆڵينەوە لە چۆنێتى هاوردەكردنى ئەو هەموو ئاژەڵە دەكەن و چۆن لە هيچ خاڵێكى پشكنين نەوەستێنراون و ئەگەرى هەيە بەرپرسانى ئەمنى باڵا تێوەگلابن، ئەوەش سەرەڕاى ئەندامانى نزيك لە ميليشياكان.