ناس کورد- رۆژیار سیروان
جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى رایگەیاند "توشبووە نوێکەى ڤایرۆسى کۆرۆنا لەشارى سلێمانى کاسبکارێکە و تەمەنى 50 ساڵە و بەرکەوتنى لەگەڵ کەسانى تر هەبووە".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هێرش سەلیم، جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى بە ناس کوردى وت " توشبووە نوێکەى شارى سلێمانى کاسبکارە لەناو بازاڕ و سەردانی مزگەوتی کردووە و ئەمشەو تیمەکانمان پشکنین بۆ چەند کەسێکی خانەوادەکەی دەکەن و دڵنیاین کەسی تریان هەیە هەڵگرى ڤایرۆسەکە بێت".
هێرش سەلیم ئاماژەى بەوە کرد، بەهۆی تێکەڵبوونی لە کاتی کارکردن و سەردانکردنی بۆ مزگەوت مەترسیەکی گەورە لە ئارا دەبێت و ئەگەری زیادبونی رێژەی توشبون دەکرێت و دوای وەرگرتنی پشکنینەکان لە چەند رۆژی داهاتوو زانیاری زیاتر دەخەینە روو .
بەوتەى جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى، ئەو هاووڵاتییە دوای دەرکەوتنی نیشانەکانی ڤایرۆسەکە سەردانی مەڵبەندی تەندروستی عەلی ناجی کردووە ، پاشان دوو پشکنینی تری بۆ ئەنجامدراوە و لە نەخۆشخانەی کۆرۆنا لەسەرچنار توشبوونى بە ڤایرۆسەکە پشتڕاست کراوەتەوە.
ناس کورد زانیویەتى "سبەینێ د.سەباح هەورامى، بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى لەگەڵ وەزیری تەندروستی کۆدەبێتەوە بۆ دانانی رێکاری نوێی تەندروستی و ئاڕاستەی ژوری ئۆپراسیۆنى دەکەن بۆ ناو بازاڕ و بارودۆخی ناوبازاڕ هەڵدەسەنگێنن لە ئەنجامى دەرکەوتنى ئەو حاڵەتە نوێیەى توشبوون بە ڤایرۆسەکە لەشارى سلێمانى ولە چەند ڕۆژى داهاتوو لەو بارەیەوە بڕیارى نوێ دەردەکرێت.