ناس کورد - ڕۆژیار سیروان
بەشێک لە بەڕێوەبەر و مامۆستا و سەرپەرشتیارانی پەروەردەی سلێمانی هۆشداریان دایە حکومەت ئەگەر تاپێش دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکان موچەیان پێنەدرێت سەرجەم کارە پەروەردەییەکان هەڵدەسپێرن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ی ئایاری 2020، لە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییدا، مەریوان فەتاح، نوێنەری بەڕێوەبەری قوتابخانە و خوێندنگاکانی سلێمانی ڕایگەیاند، زۆرینەی کارگێری قوتابخانە و بەرپرسان و سەرپەرشتیارانی پەروەردە سەر بە بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی لەپێناو خراپی دۆخی ژیان و دواکەوتنی موچەکانمان چەند داواکاریەک دەخەینە ڕوو، لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی لە هەفتەیەکدا بایکۆتی هۆڵەکانی تاقیکردنەوە دەکەن.
وتیشی، داواکارین بەزوترین کات دوو موچە دابەشبکرێت پێش دەستپێکردنی تاقیکرنەوەکان هەروەها بەردەوامی لە پێدانی موچە هەموو 30 ڕۆژ جارێک، داواش دەکەن پێویستە هەژماری بانکی بۆ سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و دیاریکردنی ڕێژەی پاشەکەوتەکانیان و توانای بەکارهێنانیان هەبێت بۆ خزمەتگوزاریەکانی حکومەت.
داواکارن تا دەستپێکرنەوەی ساڵی نوێی خوێندن گرنگی بدرێت بە نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان و دامەزراندنی کارگوزار و باخەوان و بەرزکردنەوەی پلەی مامۆستا و سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی و گێرانەوەی هەیبەت و شکۆ کە ساڵانێکە لە هەرێمی کوردستان "بێرێزیان" بەرامبەر کراوە.
هەروەها هۆشداریان دایە حکومەت کە هەڵوێستی توند دەردەبرن و ڕێگای مەدەنی تر دەگرنە بەر لە ئەگەری وڵامنەدانەوەیان تاپێش دەستپێکی تاقیکردنەوەکان و ئامادەن بریاری هەڵپەساردنی هەموو کارە پەروەردەییەکان بدەن لەنێوانیان جێبەجێنەکردنی سەرجەم پرۆسە تاقیکردنەوەکانیان.