گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەنجومەنی دادوەریی عێراق: هیچ خۆپیشاندەرێک لە زیندانەکاندا نەماون

2020.05.13 - 10:05
ئەنجومەنی دادوەریی عێراق: هیچ خۆپیشاندەرێک لە زیندانەکاندا نەماون

ناس کورد-

ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى عێراق ڕایگەیاند، هیچ ڕاگیراو یان سزادراوێکى خۆپیشاندەران لە زیندانەکاندا بوونى نییە، ئەوەش دواى ئەوەى لەسەر داوایەکى مستەفا کازمیی سەرۆکوەزیران دادگاکان ڕاسپێردران خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوەکان ئازاد بکەن.

 

عەبدوستار بەیرەقدار، سەرپەرشتیارى ڕاگەیاندنى ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "بەپێی دوایین زانیارى کە لەلایەن سەرجەم دادگاکانەوە بۆ ئەنجومەن بەرزکراونەتەوە دەردەکەوێت کە هیچ ڕاگیراو یان سزادراوێکى خۆپیشاندەرانى ئاشتیخوازانە لە دادگاکان نەماون، بەو پێیەى خۆپیشاندان مافێکى دەستورییە بەپێی ماددەى (308)ى دەستور".

 

ئەوەش دواى ئەوەهات کە ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى عێراق یەکشەممەى ڕابردوو داواى لە دادگاکان کرد خۆپیشاندەرانى دەستگیرکراو ئازاد بکەن، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ داواکەى مستەفا کازمى سەرۆکوەزیران.

 

کازمى هەروەها فەرمانیکردووە ڕێگرى بکرێت لە ئەنجامدانى توندوتیژى دژى خۆپیشاندەران و ئەو کەسانە دەستگیربکرێن کە تێوەگلاون لە رژانى خوێن، ئەوەش پێش چەند کاتژمێرێک لە دەستپێکردنەوەى خۆپیشاندانەکان.