گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سازانی سیاسی لایەنەکان دەیان لێکۆڵینەوەى لە کوشتنی خۆپیشاندەران داخستووە

2020.05.12 - 15:32
سازانی سیاسی لایەنەکان دەیان لێکۆڵینەوەى لە کوشتنی خۆپیشاندەران داخستووە

ناس کورد-

کۆمسیۆنی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، ئاشکرایکرد، 200 دۆسێی تایبەت بەکوشتن و ڕفاندنی خۆپیشاندەرانی ڕەوانەی داواکاری گشتی کردووە، بەڵام تائێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەک دەربارەی ئەو دۆسێیانە نەکراوە، سەرچاوەیەکی سیاسیش پێیوایە، سازانی لایەنەکان لەنێوان خۆیاندا وایکردووە دەیان دۆسێی مەترسیدار هەڵنەدرێتەوە.

 

عەلی بەیاتی، ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، ڕایگەیاند :"ئەو لیژنە باڵایەی کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پێکهێنرابوو بۆ لێکۆڵینەوە لە کوشتن و ڕفاندنی خۆپیشاندەران جەختی لەوە کردوەتەوە کەلایەنە حکومییەکان بە شێوەیەکی داپڵۆسینەرانە مامەڵەیان لەگەڵ خۆپیشاندەراندا کردووە و گازی فرمیسکڕێژ، گولـلەی پلاستیکی و قەناس بەدەستەکانیان دژیان بەکارهێناوە".

 

بەیاتی، ئاماژەی بەوە کردووە :"ئەو بەڵگانەی کە لە لای لیژنە حکومییەکەدا گەڵاڵە بووە دان پێدانێکی تەواوە بە پێشێلکارییەکانی ئەو هێزە ئەمنییانە دژ بە خۆپیشاندەران، بۆیە دەبێت دادگاکان کاری خۆیان ئەنجامدەن لە دادگایکردنی ئەو کەسانەی کە دەستیان سورە بە خوێنی خۆپیشاندەران".  

   

ئەندامەکەی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، ئەوەشی خستوەتەڕوو، "سەرباری ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ یەکێک لە فەرماندە ئەمنییەکانی پارێزگای زیقار دەرکراوە بە تۆمەتی کوشتنی خۆپیشاندەران، بەڵام تائێستا ئەو فەرمانە جێبەجێنەکراوە و دەیان فەرماندەی سەربازی تریش کە تۆمەتبارکرابوون بە کەمتەرخەمی لە پاراستی  گیانی خۆپیشاندەران لە ئێستادا چەندین پلەی ئەمنی باڵایان  پێدراوە لە حکومەت".

 

بەیاتی، جەختیشى کردەوە، "کۆمسیۆنی مافەکانی عێراق  تائێستا  200 دۆسێی تایبەت بەکوشتن و ڕفاندنی خۆپیشاندەران لە هەموو عێراق ڕەوانەی داواکاری گشتی کردووە، بەڵام تائێستا ئەو لایەنە هیچ لێکۆڵینەوەیەک دەربارەی ئەو دۆسێیانە نەکردوە".

 

  هاوکات سەرچاوەیەکی سیاسی، لەو باریەوە بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاند :" چارەنووسی لێژنەکانی لێکۆڵینەوە لە کوشتن و ڕفاندنی خۆپیشاندەران هاوشێوەی چارەنووسی لیژنەکانی لێکۆڵێنەوە لە هۆکارەکانی کەوتنی موسڵ بەدەست داعش، کوشتارگەی سپایکەر و دەیان لێکۆڵینەوەی دیکە دەبێت".

 

بەبڕوای  ئەو سەرچاوە سیاسییە، لە بنەڕەتدا ئەو جۆرە لیژنانە کە لەلایەن حکومەتەوە دروستدەکرێن تەنها بۆ کپکردنەوەی شەقامە و هیچی تر.

 

ئەو سەرچاوە سیاسیە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، کە لایەنە سیاسیەکانی ناو دەسەڵات لەنێوان خۆیاندا سازانی سیاسیان هەیە، بۆیە سەرباری ئەو هەموو بەڵگانەی کە لەلایەن لیژنەکانی لێکۆڵینەوەوە  ئاشکراکراون کە دەیان فەرماندەی سەربازی و ئەمنی تاوانبار دەکات بە تێوەگلان لە کوشتن و ڕفاندنی خۆپیشاندەران، بەڵام هەموو ئەو لیژنانە لەژێر فشاری سیاسیدا داخراون.