ناس کورد-
پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا، ستایشی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد بۆ گەڕاندنەوەی عەبدولوەهاب ساعدی، بۆ دەزگای دژە تیرۆری عێراق، ئەو هەنگاوەشی بە گرنگ وەسف کرد، هاوکات نەیشاردەوە کە لە ئێستادا چەند لایەنێکی سیاسی عێراقی هەن دژ بەگەڕانەوەی ساعدی بۆ پۆستەکەی وەستاونەتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
محەمەد شیاع سودانی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسای سەر بە نوری مالیکی لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"ی سعودی ڕایگەیاند :" گەڕاندنەوەی عەبدولوەهاب ساعدی، لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ پۆستەکەی لە دەزگای دژە تیرۆری عێراق هەنگاوێکی گرنگ بوو، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە ژمارەیەک لایەنی سیاسی هەن دژ بەگەڕانەوەی ساعدین بۆ ئەو دەزگایە".
سودانی، ئاماژەی بەوە کرد :"هەنگاوەکانی کازمی لەگەڕاندنەوەی ساعدی و هەندێ ڕێکاری دیکە ئەوە دەسەلمێنن کە کازمی باوەڕی بەخۆی هەیە و دەیەوێت کایەکانی دەسەڵات لە عێراقدا پتەو بکات بۆ ئەوەی عێراق لە شڵەژان دەربازی بێت، بۆیە دەبێت ئێمە بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لێ بکەین".
مستەفا کازمی، سەرۆکی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، لە یەکەم هەفتەی دەست بەکاربوونیدا ژمارەیەک هەنگاوی بوێرانەی نا کە بوو بەجێگای پێزانین و ستایشی بەشێکی زۆر لە لایەنە سیاسیەکانی عێراق و خۆپیشاندەرانیش، وەک ئازادکردنی خۆپیشاندەران لەزیندانەکان، دەستگیرکردنی پێنج ئەندامی میلیشای (ثارالله) بەتۆمەتی کوشتی خۆپیشاندەران لەشاری بەسرەو و گەڕاندنەوەی فەریق ڕۆکن عەبدولوەهاب ساعدی بۆ پۆستەکەی خۆی لە دەزگای دژە تیرۆری عێراق، کە پێشتر ناوبراو لەلایەن عادل عەبدلمەهدی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە پۆستەکەی دورخرابووەوە.