ناس كورد-
هەریەکە لە تاران و واشنتن کێبڕکێ دەکەن لەسەر راکێشانى مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى نوێی عێراق بەلاى خۆیاندا، لەرێگەى پشتیوانیکردنییەوە، ئەویش دەیەوێت لەو رێگەیەوە کابینە وەزارییەکەى تەواو بکات، ئەوەش بەگوێرەى رۆژنامەى ئەخبارى سەر بە حزبوڵاى لوبنان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەى ڕاپۆرتێکى رۆژنامەکە کە ئەمڕۆ (دووشەممە،12ى ئایارى 2020) بڵاویکردووەتەوە، ئەو مۆڵەتە 100 رۆژییەى موقتەدا سەدر بۆ کازمى دیاریکردووە، زۆر کورتە، بەراورد بەو پشتگیرییەى لەگەڵ هادى عامرى سەرۆکى هاوپەیمانى فەتح بۆ عادل عەبدولمەهدى و حکومەتەکەى پێشکەشیانکرد.
ئەو راگەیاندنە، بەوتەى زیاتر لە سەرچاوەیەک بۆ رۆژنامەکە، هەڵگرى هۆشدارییەکى قوڵ بووە بۆ کازمى، داواکارییەکى رونیشە بۆ جدییەتى لەبارەى جێبەجێکردنى بەرنامە حکومیەکەى. لەو ماوەیەدا سەرۆکوەزیران پشتیوانییەکى روون و کراوە دەکرێت لەلایەن حزب و هێزە ناوچەییەکان، لەگەڵ هێزە هەرێمى و نێودەوڵەتییە کاریگەرەکان، لەسەروى هەمویانەوە تاران و واشنتن.
لەو چوارچێوەیەدا، پەیوەندییەکەى ئێوارەى رابردووى دۆناڵد ترەمپ بە کازمییەوە، کە تێیدا پیرۆزبایی وەرگرتنى پۆستەکەى لێکرد، پشتیوانى واشنتنى دەرخست بۆى، کە دواى پەیوەندییەکەى حەسەن رۆحانى هات کە پشتیوانى تارانى بۆ کابینەکەى دوپاتکردەوە.
بەپێى رۆژنامەکە، کێبڕکێی نێوان هەردوو پایتەختەکە بۆ بەدەستهێنان و راکێشانى کازمى بەلاى خۆیاندا لەلایەن کازمییەوە درکى پێدەکرێت، کە بەکرداریی وەکو رێکردن وایە لەناو کێڵگەیەکى میندا، لایەندارى بۆ هەر یەکێکیان واتە کەوتنى.
باسى لەوەشکردووە، چاوەڕواندەکرێت پەرلەمانى عێراق لەچەند هەفتەى داهاتوودا دەنگ بدات لەسەر پڕکردنەوەى حەوت پۆستى وەزارەتى چۆڵ کە ئێستا لەلایەن کازمى و وەزیرەکانى دیکەوە بەڕێوەدەبرێت.
ئەو باوەش و پشتیوانییەى تاران و واشنتن، بەپێی رۆژنامەکە کازمى هەوڵدەدات بەکارى بهێنێت بۆ بەرژەوەندى خۆى، بەتایبەتى بۆ تەواوکردنى کابینە وەزارییەکەى. پێدەچێت ئەو حەوت پۆستە چۆڵەى کە ماوە لەچەند هەفتەى داهاتوودا لەلایەن پەرلەمانەوە دەنگى لەسەر بدرێت تا پڕبکرێنەوە و پێشبینى دەکرێت بەشێک لەو ناوانەى پێشوو بگەڕێنرێنەوە و تێپەڕێنرێن، دواى لێکتێگەیشتنەکانى کازمى و لایەنە عێراقییەکان، بەتایبەتى کە کار دەکات بۆ تێکشکاندنى هەر بەرەیەکى سیاسی کە وەکو ئۆپۆزسیۆن دەربکەوێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو، هەروەها کازمى کار دەکات بۆ گەڕاندنەوەى هەیبەتى دەوڵەت، بەوپێیەى دیارترین ئاماژەى سەرکەوتنى ئەزمونەکەیەتى، لەگەڵ پێویستى پاراستنى خوێنى عێراقییەکان، خۆپیشاندەرانى ئاشتیخواز و ئەندامانى هێزە ئەمنى و سەربازییەکان.