گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کازمی چ پلانێکی هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکانی عێراق؟

2020.05.11 - 21:51
App store icon Play store icon Play store icon
کازمی چ پلانێکی هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکانی عێراق؟

ناس کورد-

پێکهێنانی حکومەتێکی شەفاف، دروستکردنی ئەنجومەنی گەنجانی تشرین و لێپێچینەوەی ئەو کەسانەی دەستیان هەبووە لە دەستدرێژیکردن بۆسەر خۆپیشاندەران، هەموو ئەو بەڵێنانەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەس نەبووە بۆ ئەوەی خۆپێشاندەران جارێکی دیکە نەرژێنەوە سەر شەقام و گۆڕەپانەکان لە عێراقدا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کازمی هەر لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونییەوە هەوڵی دا لە ڕێگەی دەرکردنی کۆمەڵێک بڕیارەوە خۆپێشاندەران هێوربکاتەوە بە تاییەتی دوای ئەوەی دوێنێ یەکشەممە خوپیشاندەران دەستپێکردنەوەى خۆپێشاندانەکانیان ڕاگەیاند "لە پێناو کۆتایهێنان بەو سیستمە شکستخواردوەی کە وڵات بەڕێوە دەبات."

 

چاودێرانی ڕەوشی عێراق پێیانوایە بڕیارەکانی کازمی لە بارەی ئازادکردنی ئەو کەسانەی بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە دەستگیرکرابوو ن و بەڵێنەکانی بۆ لێپێچینەوە لەو کەسانەى دەستیان هەبووە لە دەستدرێژیکردن بۆسەر خۆپیشاندەران تاڕادەیەکی باش پێشوازی لێکراوە لەلایەن گۆرەپانەکانی خۆپێشاندانەکانەوە.

 

بەڵام ڕێک دوای بەڵێنەکانی کازمی، شەوی ڕابردوو لە چەند پارێزگایەکی عێراق خۆپیشاندانەکان هەڵگیرسانەوە، خۆپیشاندەران بە بەرزکردنەوەی دروشم دژ بە حکومەتەکەی کازمی دەنگیان هەڵبڕی و داوایان لێکرد بە زووترین کات ئەو بەڵێنانەی کە لە کات و ساتی دەستبەکاربوونیدا داویەتی جێبەجێ بکات.

 

لە پارێزگاکانی بەسڕە، واست، بابل و کەربەلا خۆپیشاندەران ڕژانە گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندان و لە دروشمەکانیاندا داوای دەستپێکردنەوەى شۆڕشیان دەکرد، خۆپیشاندەران لە پارێزگای واست هەڵیانکوتایە سەر بارەگای حزبەکان و بارەگای ڕێکخراوی بەدریان سوتاند، لە کەربەلاش یەکێتیی قوتابیانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا تا کۆتایی مانگی تەموز مۆڵەتیان دایە حکومەت کە داواکارییەکانی خۆپیشاندەران جێبەجێبکات.

 

ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕێکخەرانی جوڵانەوەی میللی گشتی لە عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا داویکرد، "بە مەبەستی ڕووخاندنی حکومەت و هەڵکوتان بۆ سەر ناوچەی سەوزی حکومەت، خوپێشاندانی ملیۆنی لە گۆڕەپانەکانی شاری بەغدا بەرپابکرێت".

 

دەربارەی چۆنێتی مامەڵەکردنی کازمی لەگەڵ دۆسێی خۆپیشاندانەکانی عێراق، سەرچاوەیەکی نزیک لە کازمییەوە  بە میدیاکانی عێراقی  وتووە، "کازمی  لانی کەم پێویستی بە دوو مانگ هەیە بۆ ئەوە بتوانێت دۆسییەی خوپێشاندانەکان بە تەواوی لە عێراقدا دابخات".

 

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە شکردووە، کازمی دەیان کەناڵی پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندەران و ئاپۆڕای گۆڕەپانەکاندا هەیە.

 

سەرچاوەکە ئەوەشی ڕوونکردوەتەوە، " کازمی هەوڵێداوە لە ڕێگەی کارنامەی حکومەتەکەیەوە  توڕەیی شەقام هەڵمژێت و دەستپێشخەری دروستکردنی ئەنجومەنی گەنجانی تشرین بکات کە ئەوەش یەکێکە لەو ئامرازانەی کە کازمی بەکاری دەهێنێت بۆ ئەو ئاساییکردنەوەی دۆخی گۆرەپانی خۆپیشاندانەکان".

 

بەبڕاوی ئەو سەرچاوەی کە نزیکە لە کازمییەوە، "سەرۆکوەزیران ناتوانێت لە ئێستادا دۆسێی ڕەفاندن و کوشتنی خۆپیشاندەران و چالاکوانانی مەدەنی بکاتەوە، چونکە ئەولایەنانەی کە دەستیان هەبووە لەو کارە هەژموونێکی بەهێزیان لە ناو دەسەڵاتدا هەیە و پێدەچێت بۆ ڕێگریکردن لە هەڵدانەوەی ئەو دۆسێیانە کۆسپ و تەگەرە بخەنە بەردەم ڕەوەرەوەی حکومەتەکەی".

 

ئاماژە بەوەشکراوە، کازمی دەیەوێت لەماوەی کابینەکەیدا ئارامی و سەقامگیری باڵ بەسەر عێراقدا بکێشێت و لە هەمانکاتیشدا بتوانێت ڕێکارەکانی ئامادەباشی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق بەباشی بخاتە سەر ڕێچکەی خۆی.

 

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی نەشاردوەتەوە کە کازمی لەم کاتدا هەندێک ڕێکاری ڕوکەشانە ئەنجامدەدات کە مەبەستی لێی  کەمکردنەوەی ئەو ئاڵۆزیانەیە کە لە گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندانەکاندا ڕوویاندا و حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی نەیتوانی ڕێگە چارەی بۆ بدۆزێتەوە.

 

چاودێران پێیانوایە وتارەکەی ڕۆژی شەممەی ڕابردووی کازمی کە تێدا بڕیاری ئازادکردنی خۆپێشاندەرانی تێیدا ڕاگەیاند و بەڵێنەکانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و گەڕانەوەی عەبدولوەهاب ساعدی بۆ پۆستەکەی خۆی لە دەزگای دژە تیرۆری عێراق دای، بەشێکن لەو سیاسەتەی کە لە ئێستادا کازمی پەیڕەوی دەکات بۆ هێورکردنەوەی خۆپیشاندەران.

 

ئێواره‌ی دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ ژماره‌یه‌ك له‌خۆپیشانده‌ران و ناڕازیه‌كان له‌به‌رده‌م بینای پارێزگای به‌سره‌ كۆبونه‌وه‌ و داوایانكرد، پارێزگار و جێگره‌كه‌ی له‌كاره‌كانیان دوربخرێنه‌وه‌، خۆپێشاندەران لە دەوری بارەگایەکی حزبی لە بەسرە و لە نزیک باڵەخانەی پارێزگای بەسرە گردبوونەوە، داوای کۆتاییهێنان بە گەندەڵی و دەستێوەردانی ئێرانیان دەکرد، دوای گردبوونەوەیان تەقە لە خۆپێشاندەران کرا و گەنجێکی 20 ساڵان بەهۆی بەرکەوتنی گولـلە بە سەری گیانی لەدەستدا. 

 

دوای ئاڵۆزییەکانی بەسرە، مستەفا کازمی لە توویتێکدا وتی، "بڕیارمانداوە ئەو کەسانەی دەستیان سوورە بە خوێنی عێراقییەکان شەویان بەسەردا ناچێت و ئێمە پەیمانی خۆمان دەبەینە سەر". 

 

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە خۆپێشاندان زۆربەی شارەکانی عێراقی گرتەوە، لە ئاکامدا بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و عێراقییەکان زیاتر لە 500 کەس لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون و نزیکەی  20 هەزار کەسیش  برینداربوون.