کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد-
دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان چەند رێنماییەكی بۆ سزادانی ئەو كەسانە دەركردووە كە سەرپێچی ژینگەیی دەكەن، كە لەهەندێك حاڵەتدا سەرپێچیكار بە بڕی 200 هەزار دینار سزا دەدرێت.
دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان كار لەسەر سزادانی سەرپێچیكارانی پیسكردنی ژینگە دەكات و چەند رێنماییەكی بە پشبەستن بە بڕگەی 1 و2 مادەی 2 و 45 ژمارەی 8ی ساڵی 2008 و مادەی 10 لە یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2010 دەركردووە.
بەپێی ڕێنماییەكە، ئەو هەنگاوەی دەستەی ژینگەی هەرێم هەموو هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و لە رێگەی كارمەندانی دەستەكەوە چاودێری هاونیشتیمانیان دەكرێت.
داواش كراوە هەر كەسێك حاڵەتێكی سەرپێچی بەرچاوكەوت وێنەی بگرێت و بینێرێت بۆ پەیجی فەرمی دەستەی ژینگە یان فەرمانگەكانی ژینگە لە شارەكان.
هۆشداری ئەوەش دەدات، هەر كەسێك سەرپێچی بكات و ژینگە پیس بكات سزای دارایی و یاسایی وەردەگرێت، هەروەها ئۆتۆمبێلەكانیش لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتووچۆی پارێزگاكان گلدانەوەی ژینگەیی دەخرێتە سەر، لە مادەی یەكەمی رێنماییەكەدا ئاماژەكراوە بە فڕێدانی پاشماوەی ماڵان لەسەر شەقام و شۆستەكان و فڕێدانی پاشماوە لە دەرگا و جامی ئۆتۆمبێلەوە سزاكەی 100 هەزار دینارە.
بەپێی رێنماییەكە لێخوڕینی ئەو ئۆتۆمبێلانەی دووكەڵی رەش یان شین دەكەن، سوتاندنی پوش و پەڵاش، فڕێدانی پاشماوە لە شوێنە گەشتیارییەكان، سوتاندنی تایە و بەخێوكردنی مەڕوماڵات لە گەڕەكەكانی نیشتەجێبوون سزاكەی 200 هەزار دینارە.