ناس کورد-
دوای ڕفاندنیان بەچەند کاتژمێرێک، بەرەبەیانی ئەمڕۆ (دووشەممە) تەرمی دوو جوتیاری کورد لە سنوری قەزای خانەقین دۆزرانەوە، وتەبێژی پۆلیسی قەزاکەش دەڵێت، هەردوو جوتیارەکە ئامۆزان و داعشیش بە بکەری تاوانەکە ناودەبات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ (دووشەممە، 11ی ئایاری 2020)، دیار شەوکەت، وتەبێژی پۆلیسی خانەقین بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو دوو جوتیاری کورد لەگوندی مێخاس لە سنوری قەزای خانەقین لەکاتی دروێنەدا ڕفێندران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەرمەکانیان دۆزرایەوە".
وتەبێژی پۆلیسی خانەقین وتیشی، هەردوو جوتیارەکە کوردن و ئامۆزای یەکترن، هاوسەرگیریان کردووە و ژن و منداڵیشیان هەیە و بەفیشەک شەهید کراون.
سەبارەت بە ئەنجامدەرانی تاوانەکە، دیار شەوکەت ئاماژەی بەوەکرد: "بێگومان داعش بکەری تاوانەکەیە و چەند شایەتحاڵێک بینیویانن لەکاتی ڕفاندنی ئەو دوو جوتیارەدا، ئەوان پۆلیس، ئاسایش، پێشمەرگە و هاووڵاتی ئاسایی دەکەنە ئامانج، بۆ تێکدانی بارودۆخی ئەمنی".
رووداوەکە لەکاتێکدایە، هەرچەندە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە کۆتایی هاتنی داعش لە عێراق ڕاگەیەندراوە، بەڵام پاشماوەکانی ئەو ڕێکخراوە هەر ماون و ناو بەناو لە ناوچە سنورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق جموجوڵیان هەیە و هێرشی چەکداری ئەنجامدەدەن.