گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کۆرۆنا دزە دەکاتە ناو کۆشکى سپییەوە..یاریدەدەرە تایبەتەکەى ئیفانکاش توش بوو

2020.05.10 - 23:13
کۆرۆنا دزە دەکاتە ناو کۆشکى سپییەوە..یاریدەدەرە تایبەتەکەى ئیفانکاش توش بوو

ناس کورد-

ژمارەى ئەو کەسانەى لەناو کۆشکى سپیدا کاردەکەن و توشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بوون لە زیادبوندان، کە دواترینیان یاریدەدەرى تایبەتى ئیفانکاى کچى دۆناڵد ترەمپە.

 

تۆڕى سی ئێن ئێنى ئەمریکى لەزارى سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، یاریدەدەرى تایبەتى ئیفانکا ترەمپ گەورە ڕاوێژکارى کۆشکى سپى تووشى کۆرۆنا بووە.

 

بەوتەى سەرچاوەکە، یاریدەدەرەکەى ئیفانکا هیچ نیشانەیەکى لەسەر دەرنەکەوتووە و بەدرێژایی دوو مانگى ڕابردوو کاریکردووە.

 

بەپێی کەناڵەکە، ئیفانکا و جارید کۆشنەرى مێردى پشکنینیان بۆ کراوە و ئەنجامەکانیان نێگەتیڤ بووە.

 

ئەوە سێیەم حاڵەتى توشبوونە بە ڤایرۆسى کۆرۆنا لەکۆشکى سپى، دواى ئەوەى دوو کەسى تر لە هەفتەى ڕابردوودا توشى ڤایرۆسەکە بوون، کە یەکێکیان یاریدەدەرى ترەمپە، ئەوەى تریان فەرمانبەرێکى سەر بە نوسینگەى مایک پێنسى جێگرى سەرۆکە.

 

هەریەکە لە دۆناڵد ترەمپ و جێگرەکەى پشکنینان بۆ کراوە و دەرکەوتووە کە تووش نەبوون. مایک پێنس دەڵێت ڕۆژانە لەگەڵ ترەمپ پشکنینى کۆرۆنایان بۆ دەکرێت.

 

پێنج شەممەى ڕابردووش بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى ناوخۆى کۆشکى سپى لە ڕاپۆرتى رۆژانەیدا ئاشکرایکردبوو، کە 11 حاڵەتى توشبوون بە کۆرۆنا لەناو ئەندامانى خزمەتگوزاریی نهێنیدا تۆمارکراون.

 

بەرپرسان خۆیان کەرەنیتنە دەکەن 

 

تا ئێستا سێ بەرپرسی تیمی کۆشکی سپی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا خۆیان کەرەنتین کردووە، کە پێکهاتوون لە روبرت ریدفیلد بەرێوەبەری سەنتەری خۆپاراستن لە نەخۆشیە گوازراوەکان، ئەنتۆنی فاوچی زانای پەتاناسی و راوێژکاری کۆشکی سپی، لەگەڵ ستیڤن هان سەرۆکی دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا.

 

 

بەپێی ئامارەکانى زانکۆى جۆنز هوبکنز، ژمارەى توشبووانى کۆرۆنا لە ئەمریکا گەیشتووەتە 1.3 ملیۆن حاڵەت و ژمارەى مردووانیش گەیشتوەتە 78794 حاڵەت، ئەوەش بەرزترین ئامارى توشبوون و مردنە بەو ڤایرۆسە لەسەر ئاستى جیهان.

 

ژمارەیەکى زۆر لە ویلایەتەکانى ئەمریکا لە مانگى ئادارەوە قەدەغەى هاتووچۆیان ڕاگەیاندووە، وەک هەوڵێک بۆ بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا، بەڵام بەشێکیان دەستیانکردووە بە سوککردنى رێوشوێنەکان و رێگەدان بە خەڵک بۆ دەستکردنەوە بە کار، لە هەنگاوێکدا کە بەرپرسانى تەندروستى ئەمریکا دەترسن ببێتە هۆى زیاتر بڵاوبوونەوەى پەتاکە.

 

باراک ئۆباما سەرۆکى پێشووى ئەمریکا، رەخنەى توندى ئاڕاستەى دۆناڵد ترەمپ کرد و شێوازى مامەڵەکردنى لەگەڵ قەیرانەکە بە "کارەسات" ناوبرد.

 

ترەمپ هەفتەى ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، دەستدەکات بە ئاڕاستەکردنى تیمى بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا لە کۆشکى سپى بۆ تاوتوێکردنى دەستپێکردنەوەى چالاکییە ئابورییەکان، ئەوەش دواى ڕۆژێک لە قسەکانى لەبارەى هەڵوەشاندنەوەى تیمەکەوە.