گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کەمال کەرکوکی و قوبات تاڵەبانی و مستەفا کازمی پەیوەندییان پێوەکردم

عەبدولڕەحمان مستەفا ڕاستییەکانی پشت کاندیدکردنی بۆ وەزیری داد ئاشکرادەکات

2020.05.10 - 12:09
App store icon Play store icon Play store icon
عەبدولڕەحمان مستەفا ڕاستییەکانی پشت کاندیدکردنی بۆ وەزیری داد ئاشکرادەکات

ناس کورد-

دواجار عەبدولڕەحمان مستەفا لەسەر کاندیدکردنی بۆ پۆستی وەزیری دادی عێراق هاتەدەنگ و ڕایگەیاند، کەمال کەرکوکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و قوباد تاڵەبانی پەیوەندییان پێوەکردووە و پێیان تووە کە کاندیدی وەزیری دادە و هەموو لایەنەکانیش کۆکن لەسەری.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی تۆمارکراودا، عەبدولڕەحمان مستەفا کە کاندید بوو بۆ وەزیری داد لە کابینەکەی مستەفا کازمیدا و دەنگی پێویستی نەهێنا و متمانەی پێنەدرا دەڵێت: "پێم خۆشبوو لەم تۆمارە ڤیدیۆییەدا ڕاستییەکان بخەمەڕوو لەوبارەیەوە".

 

عەبدوڵڕەحمان مستەفا دەڵێت: "چەند ڕۆژێک پێش متمانەدان بە کابینەکە، کەمال کەرکوکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی پەیوەندی پێوەکردم و وتی، تۆ کاندیدی پۆستی وەزیری دادی لە کابینەکەی کازمی و پارتی و یەکێتی و تەواوی لایەنەکانیش ڕەزامەندن لەسەر ئەوە".

 

ئاماژەی بەوەشکرد: "من سەرەتا ڕەتمکردەوە، بەڵام ئەو جەختیکردەوە کە هەموو لایەنەکان من بە باش دەزانن و ئەوە بۆ کوردستانیش باشە".

 

بەوتەی عەبدولڕەحمان مستەفا، دواتر مستەفا کازمیش پەیوەندی پێوە کردووە و وپێی وتووە: "تۆ کاندید کراوی بۆ پۆستی وەزیری داد لە کابینەکەم و ڕەزامەندی هەموو لایەنەکانی لەسەرە".

 

 

دەشڵێت: "دوای پەیوەندییەکەی کازمی، قوباد تاڵەبانی پەیوەندی پێوەکردم و ئەویش وتی: "تۆ کاندیدی بۆ ئەو پۆستە و نوێنەری هەموومانی، هەموومان پشتگیریت دەکەین بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بیت".


باس لەوەشدەکات: "من کەسێکی سەربەخۆم و وامزانی وەک پێشتر وەک کەسێکی سەربەخۆ پێشنیازکراو بۆ ئەو پۆستە هاوشێوەی رابردوو کە وەک کەسێکی سەربەخۆ پۆستم وەرگرتووە، بۆیە قبوڵم کرد".

 

 

ئاماژە بەوەشدەکات: "دواتر لە شەوی متمانەدان بە کابینەکە، کە لە پەرلەمان بووین، پەرلەمانتارەکانی یەکێتیم بینی، زۆر جموجوڵیان دەکرد و قسەیان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دەکرد، من بەشتێکی ئاسایی وەرمگرت، دواتر کە سەرەی من هات بۆ دەنگدان، زۆرم لا سەیر بوو، ژمارەیەکی زۆر کەم دەنگیان پێدام، بەڵام من نەمزانی بۆچی".

 

"کاتێک دەنگدان تەواو بوو، چومە دەرەوەی هۆڵی پەرلەمان، چەند پەرلەمانتارێکی عەرەب هاتن و وتیان لە پەرلەمان کار لەسەر ئەوە کراوە دەنگ بە تۆ نەدرێت، گوایە من کەسێکی نەتەوە پەرست و خراپم و وتبوشیان هەر لایەنێک دەنگ بە من بدات، ئەوا ئەوان دەنگ بە کاندیدەکەی ئەو لایەنە نادەن"، عەبدولڕەحمان مستەفا وادەڵێت.

 

باس لەوەشدەکات: "پێش دەنگدان ئاشکرابوو کە من کاندیدم با پێشتر منیان ڕەتبکردایەتەوە و هەموویان من دەناسن، با بەرپرسێکیان پەیوەندی بکردایە و بیوتایە کە من کاندیدی ئەوان نیم و منیش دەکشامەوە".

 

ئەو دەشڵێت: "ڕۆژی دواتر چومە لای مستەفا کازمی و پێم وت تۆ بە منت وت کە هەموو لایەنەکان پشرگیرم دەبن، بەڵام وانەبوو"، بەوتەی خۆی لە وەڵامدا کازمی وتویەتی: "ڕۆژی پێشتریش لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا قسەم کردووە و هیچ لایەنێکی کوردی لەسەر ناوی تۆ کێشەی نەبووە و ڕازی بوون".

 

لە کۆتایی پەیامەکەیدا عەبدولڕەحمان مستەفا ڕەخنەی ئەوە دەگرێت : "من کە هەموو ژیانم بۆ یەکڕیزی کورد تەرخان کردووە بۆ دەبێت بەوشێوەیە مامەڵەم لەگەڵ بکرێت و لەناو پەرلەمانی عێراق بە پیلانی کورد، کوردێک ڕەتبکرێتەوە".