گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هۆکاری زیادبوونی هێرشەکانی داعشی لە عێراق ئاشکرا کرد

2020.05.10 - 12:01
App store icon Play store icon Play store icon
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هۆکاری زیادبوونی هێرشەکانی داعشی لە عێراق ئاشکرا کرد

ناس کورد-

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ڕایگەیاند، بەهۆی ڕێکارەکانی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێستادا کردە سەربازییەکانیان دژبە داعش بە شێوەیەکی بەرچاو لە عێراقدا کەمی کردوە، دەشڵێت، ئەگەری هەیە ئۆپراسیۆنەکان دژ بەو ڕێکخراوە جارێکی تر لە وەرزی هاویندا دەستپێبکاتەوە. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەگوێرەی تۆڕی هەواڵی CNNی ئەمریکی، بەرپرسێکی باڵای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ڕایگەیاندوە: "ڕێکخراوی داعش سەرقاڵبوونی هێزە ئەمنییەکانی عێراقی لە جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی بەرگرتن لە پەتای کۆرۆنای قۆستووەتەوە و پەلامارەکانی لەم ماوەیەدا زیادیان کردوە".



 ئەو بەرپرسە وتوشیەتی: "داعش لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هێرشەکانی چرکردوەتەوە ئەوە بە مەبەستی دروستکردنی جۆرێک لە پەشێوەی و ناسەقامگیرییە لە ناوچەکەدا". 

 

هاوکات پات وایت، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەو بارەیەوە دەڵێت: "لەئێستادا داعش تاڕادەیەک جۆری پەلامارەکانی چڕکردووەتەوە، بەڵام ڕێژەی ناوەندی ژمارەی هێرشەکانی هەر وەک ساڵی ڕابردووە".

 

وتیشی: "داعش لە مانگی نیسانی ڕابردوودا نزیکەی 151 کردەی سەربازی ئەنجامداوە، ئەوەش نزیکە لە ژمارەی کردە سەربازییانەى لە مانگی نیسانی ساڵی 2019دا کردوویەتی".

 

 بە بڕوای فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، هێرشەکانی ئێستای داعش بەراورد بە هێرشەکانی ڕابردووی ئەوەندە بەهێز نین، چونکە لە ئێستادا ئەو چەکانەی بەکاری دەهێنێت لە پەلامارەکانیدا هەمووی چەکی سوکن و وەک پێشووتر ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوە و چەکی قورس بە کارناهێنێت.

 

دەشڵێت: "ئەوە نیشانەیەکە لەسەر ئەوەی کردە سەربازییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەو ڕێکخراوە تیرۆرستییە لە ماوەى ڕابردوودا ئەنجامێکی باشی هەبووە و تواناکانی سنوردارکردووە".

 

وایت ئەوەشی خستوەتەڕوو، هەرچەندە لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەهۆی قەیرانی ئابوری و پەتای کۆروناوە تاڕادەیەک  کێشەی پارەدارکردنیان هەیە، بەڵام لە هەمانکاتیشدا ڕێکخراوی داعشیش بەدەست کەمی سەرچاوە داراییەکانیەوە دەناڵێنێت. 

 

ئەو فەرماندە سەربازییە ئاماژەی بەوەشکردووە: "داعش لە ئێستادا لەڕێگەی چەند فەرماندەیەکی پلە نزمەوە لە ناوچە جیاجیاکانی عێراقدا دەیانەوێت لە ڕێگەی ڕفاندن و وەرگرتنی سەرانەوە کردە سەربازییەکانیان پارەدار بکەن، بەڵام لە ڕێگەی ئەو جۆرە سەرچاوانەوە ناتوانن وەک پێشووتر توانای مانەوەیان هەبێت".

 

وایت ڕوونیشکردوەتەوە: "بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا کاریگەری نەرێنی هەبووە لە سەر بەردەوامبوونی کردە سەربازییە هاوبەشەکان دژ بە چەکدارانی داعش، بەڵام ئەگەری هەیە لە وەرزی هاوێندا جارێکی دیکە ئۆپراسیۆنەکان دژ بەو ڕێکخراوەکە دەست پێبکاتەوە". 

 

 هەر لەوبارەیەوە بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ( پنتاگۆن) بە تۆڕی هەواڵی CNN وتووە: "لە ئێستادا بەهۆی کۆرۆنا سوپای ئەمریکا لە عێراق کردە سەربازییەکانی دژی داعش تاڕادەیەک کەمکردوەتەوە، بەڵام ئەگەر هەر کردەیەکی سەربازی گرنک هەبێت، بۆ نمونە وەک هەڵکوتانە سەر بارەگای بەغدادی، ئەوا بەدڵنیاییەوە بۆ ئەو جۆرە کردەوانە لە ئامادە باشیداین".

 

ئەو بەرپرسەی پنتاگۆن وتیشی: "هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر پێگەکانی داعش تائێسا بەردەوامە و لە مانگی ڕابردوودا لە هێرشێکی ئاسمانیدا زیاتر لە 10 چەکداری داعش لە ناوچەکانی باکوری عێراقدا کوژراون".

 

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی ڕابردوودا چەکدارانی داعش ناوبەناو، جموجۆڵ و چالاکی لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق ئەنجامدەدەن و لە هەفتەی ڕابردووشدا چەند جارێک هێرشیانکردەسەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە سەڵاحەدین و دیالە و دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.