گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

فراکسیۆنی یەکێتی پلانی هەیە لە پەرلەمان بکشێتەوە؟

2020.05.09 - 22:08
App store icon Play store icon Play store icon
فراکسیۆنی یەکێتی پلانی هەیە لە پەرلەمان بکشێتەوە؟

ناس کورد-

پەرلەمانتارێکی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕەتیدەکاتەوە هیچ پلانێکیان هەبێت سەبارەت بەوەی نەچنەوە پەرلەمانی کوردستان و دەڵێت، سەنگەر بۆ هیچ لایەنێک چۆڵ ناکەن، دەشڵێت، لەداهاتوودا قسەی خۆیان دەبێت و دەبێت پرسی بەکارهێنانی پێکهاتەکان چارەسەر بکرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لەدوای دانیشتنەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی هیمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و بەبێ بەشداریکردنی فراکسیۆنەکانی یەکێتی و گۆڕان کە دوو لایەنی بەشداری حکومەتن، دەنگۆی کشانەوەی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمان دروست بوو.

 

لەوبارەیەوە لوقمان وەردی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کورستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "پەرلەمانی کوردستان دامەزراوەیەکی یاسادانانە و موڵکی هەموو خەڵکی کوردستانە و موڵکی هیچ حزب و لایەنێک نییە، بۆیە ئێمە هەرگیز سەنگەری پەرلەمان بۆ کەس چوڵناکەین".

 

وتیشی: "لە داهاتوودا بەدڵنیایی هەڵوێست و قسەی جدی دیکەمان دەبێت  بۆ ئەو کارەی پارتی کردی بەتایبەت بەکارهێنانی پێکهاتەکان بۆ قوڵکردنەوەی ناکۆکی نێوان هێزە سیاسییەکان".

 

لوقمان وەردی ئاماژەی بەوەشكرد: "یەکێتی و گۆڕان وا لەگەڵ پارتی ڕێککەوتوون یەکلاکردنەوەی پرسە چارەنوسسازەکان بە ڕێککەوتن بێت، بەڵام کاتێک یەکێتی و گۆڕان و زۆرێک لە لایەنەکانی دیکەش ڕەزامەند نین لەسەر کارێک و لەنێویاندا دوو فراکسیۆنی پێکهاتەکان لەگەڵ ئێمەدا بوون، بەڵام دواتر لەژێر فشاردا بردرابوونە ژوورەوە، ئەوە ئیتر سەرەتایەکی خراپە بۆ ئەو دیموکراسییەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە".

 

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی ئاماژەی بەوەشكرد: "پێکهاتەکان خەڵکێکی ڕێزلێگیراوی ئەم هەرێمەن، هەموو لایەنەکان ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی 11 کورسی پەرلەمان بۆ کۆتاکان دابنرێت، بەڵام نابێت ئەو پێکهاتانە وەک ئامرازێک بۆ بەرژەوەندی لایەنێک بەکاربهێنرێن و پێویستە لە داهاتوودا بەو پرسانەدا بچینەوە".

 

ئەمە لەکاتێکدایە، ڕۆژی پینجشەممەی ڕابردوو، لەگەڵ ئەوەی زۆرێک لە لایەنەکان دژی هەڵگرتنی پارێزبەندی بوون لەسەر چەند پەرلەمانتارێک، بەڵام فراکسیۆنی پارتی و پێکهاتەکان و شادی نەوزاد و باپیر کامەلا، نیسابی یاسایی دانیشتنەکەیان تەواو کرد و بە سەرۆکایەتی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکە ئەنجامدرا و پارێزبەندی لە سۆران عومەر وەرگیرایەوە.