کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد-
مانگی سوری عێراقی بڵاوی کردەوە، تەرمی 28 قوربانیی ڕوداوی وەرگەڕانی بەلەمەکەی موسڵ دۆزراونەتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕۆژانە 6 تیم بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تەرمی بێسەروشوێنان.
لە بەیاننامەیەکدا ڕێکخراوی مانگی سوری عێراقی ڕایگەیاند، تیمەکانی گەڕانی ڕێکخراوەکەیان دوێنی تەرمی منداڵێکی تەمەن 10 ساڵیان دۆزیوەتەوە لە یەکێک لە بەندەرەکانی سەر بە موسڵ.
مانگی سوری عێراقی ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە سەرەتای گەڕانی تیمەکانی ڕێکخراوەکەیانەوە تا ئێستا 28 تەرم دۆزراونەتەوە کە تەرمی قوربانیانی ئەو ڕوداوەن.
"تا ئێستا 6 تیمی جیاواز لە هەموو ناوچەکانی موسڵ دەگەڕێن بەدوای ئەو قوربانیانەدا کە تا ئێستا چارەنوسیان دیار نیە"، مانگی سوری عێراقی ئاماژەی پێکردووە.
لە پاڵ تیمە عێراقییەکان چەند دەریاوانێکی وڵاتی تورکیاش لە ڕوباری دیجلەدا بەردەوامن لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمی قوربانیان.
لە 21/3/2019 لە ئەنجامی وەرگەڕانی بەلەمێکی گەشتیاری لە ناوچەیەکی گەشتیاری موسڵ، زیاتر لە 100 کەس تا ئێستا گیانیان لەدەستداوەو، تەرمی دەیان کەسی تریش بێسەروشوێنن.