ناس کورد-
پێکهاتەکانى هەرێمى کوردستان داوایەکى پێشوویان زیندوودەکەنەوە بۆ دەربازبوونیان لە ململانێی نێوان حزبەکان لە هەرێمى کوردستان، دواى ئەوەى پرسی بەکارهێنانیان لە پەرلەمان هاتەوە بەرباس، ئەویش بۆ چەندەمین جار.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کۆبوونەوەکەى حەوتى ئەم مانگەى پەرلەمان کە تێیدا پارێزبەندى لە سۆران عومەر پەرلەمانتارى فراکسیۆنى کۆمەڵ هەڵگیرا، بەس بوو بۆ ئەوەى نوێنەرانى پێکهاتەکان لە پەرلەمان ڕەخنە باران بکرێن، دواى ئەوەى لەگەڵ فراکسیۆنى پارتیدا زۆرینەى پەرلەمانیان پێکهێنا و ئەو پرسەیان تێپەڕاند.
پێکهاتەکان خاوەنى 11 کورسین لەکۆى 111 کورسی پەرلەمانى کوردستان، کە نوێنەرایەتى پێکهاتە جیاجیاکانى وەکو، تورکمان، مەسیحى، ئەرمەن دەکەن.
بەردەوام ڕەخنە گیراوە لە لایەندارى پێکهاتەکان بۆ حزبە دەسەڵاتدارەکانى هەرێمى کوردستان و بەکارهێنان لەدژى یەکترى لە ململانێ سیاسییەکاندا، دوایین کۆبوونەوەى پەرلەمانیش ڕەخنەکانى سەرى چڕترکردنەوە.
ڕۆمیۆ هەکارى، سەرۆکى هاوپەیمانى یەکێتیى نەتەوەیى لەپەرلەمانى کوردستان (ئاشورى) بە ناس کوردى ڕاگەیاند، پێکهاتەکان دەیانەوێت ئازادبن و لە ململانێی سیاسیدا بەکارنەهێنرێن تا نەبنە قوربانى ئەو ململانێیانە.
وتیشى، "ڕێگەچارەى خۆمان هەیە لەو بارەیەوە، ئەویش ئەوەیە کە لیستى دەنگدەرانى پێکهاتەکان لەلیستى دەنگدەرانى گشتى هەرێم جیابکرێتەوە، بۆ ئەوەى تەنها دەنگدەرانى پێکهاتەکان بتوانن نوێنەرەکانى خۆیان هەڵبژێرن، ڕۆژى هەڵبژاردنیش جیاواز بێت لەڕۆژى هەڵبژاردنى گشتى".
لەخولى پێشووى پەرلەمانى کوردستاندا، بەشێک لە پێکهاتەکان هەمان داواکارییان پێشکەشکرد، بەڵام کارى لەسەر نەکراو و ڕەتکرایەوە.
هەکارى کە لە کۆبوونەوەکەى پەرلەماندا داوایکرد پێکهاتەکان بۆ ململانێی سیاسی بەکارنەهێنرێن جەختیکردەوە، کە ئەوە رێگەچارەى دەربازبوونى پێکهاتەکانە لەوەى نەبنە قوربانى ململانێ سیاسییەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا جەختیکردەوە، کە ناکرێت پێکهاتەکان سەرجەمیان وەک یەک سەیر بکرێن و خەڵکى دیکە بەئارەزووى خۆیان هەڵیانبسەنگێنن، چونکە ئەوان نوێنەرایەتى پێکهاتەکانى خۆیان دەکەن و ئازادن لەوەى چۆن مامەڵە دەکەن.
ئەمە یەکەمجار نییە ڕەخنە لە پێکهاتەکان بگیرێت بە لایەندارى سیاسی، ساڵى 2015 لەکاتى هەوڵەکان بۆ هەموارى یاساى سەرۆکایەتى هەرێم، پەرلەمانتارانى پێکهاتەکان بە هەمان شێوە چوونە پاڵ دەنگى پەرلەمانتارانى پارتى بۆ ڕەتکردنەوەى هەموارەکە.
بەڵام وادیارە دابەشبوونێکی بچوک هەیە لەنێوانیاندا، بەوپێیەی هەندێک لە پەرلەمانتارانی پێکهاتەکان جەخت لەسەر ئازادبوونیان دەکەن لە پشتگیرکردنی و هاوپەیمانێتیکردن لەگەڵ لایەنەکان.
ئەوەتا مونا قەهوەچى، سکرتێرى پەرلەمانى کوردستان (تورکمان) لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "پێکهاتەکانی کوردستان مافی خۆیانە هاوپەیمانی هەر حزب و لایەنێکی سیاسی بکەن لەپێناو پاراستن و دەستەبەرکردنی مافەکانیان و خزمەتکردنی هاووڵاتیانیان".
جەختیشیکردووەتەوە، بەشداری پێکهاتەکان لەدانیشتنی پەرلەمان بۆ جێبەجێکردنی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بووە، کە هەموو فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمان دەنگیان پێداوە، بۆ بەرقەراربوونی سەروەری یاسا بووە، "بۆیە بۆ هیچ کەس و لایەنێك نەهاتووە سیاسەتی پێکهاتەکان دیاری بکات".