گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بۆ ماوەى دوو هەفتە

تۆڕی پەرلەمانیی قەیرانەکان داوای گەڕانەوەى قەدەغەی تەواوەتی هاتوچۆ دەکات

2020.05.09 - 13:26
تۆڕی پەرلەمانیی قەیرانەکان داوای گەڕانەوەى قەدەغەی تەواوەتی هاتوچۆ دەکات

ناس کورد-

بڕیاردەری تۆڕی قەیرانەکانی پەرلەمانی عێراق داوای گەڕانەوەى قەدەغەی هاتوچۆی گشتگیر و سەرتاسەری دەکات بۆ ماوەى دووهەفتە کە لە 10 ڕۆژی کۆتایی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزەوە دەستپێبکات و تاوەکو کۆتایی جەژن بەردەوام بێت.

 

جەواد موسەوی، بڕیاردەری تۆڕەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕێنماییە خۆپارێزییە تەندروستییەکان و زۆربوونی تێکەڵاوی و لەیەکترنزیکبوونەوەی زۆری هاوڵاتیان پێوستە قەدەغەی هاتوچۆ بۆ ماوەى 14 ڕۆژ دەستپێبکاتەوە.

 

دەشڵێت، "بەڵام پێش ئەوەى دەبێت تەواو بەخشینە داراییەکان و موچە بدرێت بە هاوڵاتیان."  

 

لە لایەکی ترەوە، عەبدولغەنی سەعدون ساعیدی، بەڕێوەبەری تەندروستی کەرتی ڕەسافەی بەغدا لە پەیامێکدا هاوڵاتیان بە بەرپرسیار دەزانێت بە زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوون بە کۆرۆنا بەهۆی پابەندنەبوونیان و هەڵگرتنی نیمچەیی قەدەغەی هاتوچۆ.

 

دوێنێ هەینی، وەزارەتی تەندروستی عێراق 60 حاڵەتی تری توشبوون بە پەتای کۆرۆنا ڕاگەیاند کە زۆربەیان لە بەغدا بوون.

 

تاوەکو ئەمڕۆ شەممە، 9ی ئایاری 2020، دوو هەزار و 603 حاڵەت تۆمارکراون، 104 کەسیان بەهۆیەوە مردوون و هەزار و 656 کەسیش لە نەخۆشییەکە چاکبوونەتەوە.