گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی نامەیەک ئاڕاستەی کازمی دەکات

2020.05.08 - 21:39
ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی نامەیەک ئاڕاستەی کازمی دەکات

ناس کورد-

ئه‌نجومه‌نى باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندى یه‌كێتی نیشتمانى كوردستان نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ى مسته‌فا كازمى ده‌كات و داواش لە لایەنە سیاسییە کوردییەکان دەکات، ناکۆکییە لاوەکییەکان وەلا بنێن و ڕێزی کوردایەتی یەکبخەنەوە.

 

ئەمڕۆ هەینی 8ی ئایاری 2020، ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی نامەیەکی ئاڕاستەی مستەفا کازمی کرد و تیایدا هاتووە: "سڵاوێكى گه‌رم،  پاش ئەوەی په‌رله‌مانى عێراق، به‌ زۆرینه‌ى رێژه‌یی، جه‌نابتان و زۆرینه‌ى وه‌زیره‌كانى، وه‌كو سه‌رۆكى حكومه‌ت و حكومه‌تى نوێی عێراق په‌سند كرد، هه‌ڵبژاردنى ئە‌م كابینه‌یه‌، له‌ دۆخێكى جیهانى و ئیقلیمى ناوخۆیی دژواردا كه‌ جگه‌ له‌ مه‌ترسیه‌ به‌رده‌وامه‌كانى په‌تاى كۆرۆنا، قه‌یرانى دارایی كوشنده‌و كێشمه‌كێشی مه‌ترسیدارى سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى و ئیقلیمیش،  به‌رپرسیارێتى كابینه‌كه‌ قوڕستر بووه‌".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: " ئه‌وه‌ى عێراق دووچارى قه‌یران هاتووه‌، یه‌كێتى به‌رده‌وام، په‌یڕه‌وى له‌ رێبازى سه‌رۆك مام جه‌لال كردووه‌و ده‌كات، كه‌ كورد و یه‌كێتى نیشتمانى به‌شێكى چاره‌سه‌رى كێشه‌كان بن، له‌سه‌ر بنه‌ماى هاوسه‌نگى له‌نێوان پێكهاته‌كانى عێراق و به‌غدا و هه‌رێمى كوردستان".

 

لە نامەکەدا بۆ مستەفا کازمی ئەويش خراوەتەڕوو: "ئاشكراشه‌، جگه‌ له‌ كێشه‌ى تیرۆرستان و پاشماوه‌ى هێزى رووخاوى سه‌دام، پابه‌ند نه‌بوون به‌ ده‌ستوورى هه‌میشه‌یی عێراق، هه‌تا راده‌ى به‌كارهێنانى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى كوردستان و ده‌ستى ده‌ستى كردن به‌ ماده‌ى (140)ى ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان، وه‌كو كارتى فشار له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌كانى به‌غداوه‌، به‌شێكى بنچینه‌یی كێشه‌ چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌كانى نێوان به‌غدا و هه‌ولێرن، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، ئه‌گه‌ر ماده‌كانى ده‌ستوور دوور له‌ روانگه‌ى ته‌سكى ده‌سه‌ڵاتخوازى ئەم و ئەو پێكهاته‌، جێبه‌جێى كرابان، بێگومان عێراق ده‌یتوانى له‌كێشه‌ى نه‌خوازراوى به‌ قه‌یرانى دارایی و گه‌نده‌ڵی، خۆی بپارێزێ".

 

ئەوەش هاتووە: "به‌ڕێز كازمى و كابینه‌ى نوێی عێراق، به‌رپرسیارێتى گه‌وره‌و هه‌ستیاریان له‌سه‌ر شانه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر به‌ هاوكارى هه‌موو لایه‌ك دابین نه‌كرێ و شه‌قامى ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ریش رازى نه‌كرێ، سه‌ركه‌وتن ده‌سته‌به‌ر نابێ".

 

هاوکات سەربارەت بە هێزه‌ كوردستانییه‌كان، ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی ئاماژەی بەوەکردووە: " پێویسته‌، كێشه‌ لاوه‌كییه‌كان ئارام بكه‌ینه‌وه‌و ریزى كوردایه‌تى یه‌ك بخه‌ینه‌وه‌، به‌ ئاراسته‌ى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌ به‌غدا، له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عێراق و رێكه‌وتنى سیاسی و ئابوورى نوێ، به‌و ئومێده‌ى ده‌روازه‌یه‌ك بكرێته‌وه‌، له‌ كوردستانیشدا داخوازیه‌ بنچینه‌ییه‌كانى خه‌ڵك، له‌ پێشه‌وه‌دا مووچه‌و گرفته‌كانى بازاڕ و كاسبی و پرۆژه‌كان دابین بكرێ، دۆخه‌كه‌ له‌خۆبوردن و سیاسه‌تى به‌رپرسیارێتى نوێی گه‌ره‌كه‌".