گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەختێک چوون مۆڵەتى فەرمى بۆ وەرگرن بەرپرسان گاڵتەیان پێکردوون

لیترى بە 50 دۆلارە .. بەشێک لە هاوڵاتیانى عێراق میزى وشتر لە ئێران دەکڕن 

2020.05.08 - 14:16
App store icon Play store icon Play store icon
 لیترى بە 50 دۆلارە .. بەشێک لە هاوڵاتیانى عێراق میزى وشتر لە ئێران دەکڕن 

ناس کورد-

ژمارەیەک بازرگانی ئێرانی کە کاری فڕۆشتنی میزی وشتر دەکەن ئاشکرایانکرد، پاش دەنگۆی ئەوەی کە میزی وشتر کاریگەرە لە چارەسەرکردنی نەخۆشی کۆرۆنا لە ئێستادا لیترێک لەو میزە بە 50 دۆلار دەفڕۆشن و کڕیارانی کاڵاکەشیان زۆربەیان عەرەبن و خەڵکی عێراقن.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ڕاپۆرتێکی ڕادیۆی "فەردا"ی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی ئێران، ئاماژەی بەوە کردووە "پاش ڕیکلامکردن بۆ میزی وشتر لەلایەن ژمارەیەک پیاوی ئاینییەوە لە ئێران کە گوایە میزی وشتر دەرمانێکی کارایە لە بەرەنگاربوونەوەی چەندین نەخۆشی بە پەتای کۆرۆناشەوە، لە ئێستادا خواست لەسەر میزی وشتر لەئێران زیادی کردووە".

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە کە زانیارییەکانی لە زاری بازرگانێکی میزی وشتری ئێرانی ورگرتووە، "میزی وشتر لیتری بە 50 دۆلار دەفرۆشرێت و زۆربەی کڕیارەکانیشی هاووڵاتی ناوچەکانی خوارووی عێراقن و تائێستاش زیاتر لە 370 لیتر میزی وشتری فڕۆشتووە لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا".

 

 ئەو بازرگانە ئێرانییە بە ئێزگەکەشی وتووە، بازرگانیکردن بە میزی وشتر لە ڕووی ئابوریەوە قازانجێکی زۆر گەورەی هەیە و پێدەچێت بڕی قازانجەکە بگاتە دوو ملیۆن دۆلار ساڵانە.

 

 ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵیداوە لە وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران مۆڵەت بەفەرمی وەربگرێت بۆ هەناردەکردنی میزی وشتر، بەڵام بەرپرسانی وەزارەتەکە بابەتەکەیان بە جدی وەرنەگرتووە و گاڵتەیان پێکردووە.

 

 ئەمە لە کاتێکدایە کە پیاوێکی ئاینی ئێرانی بەناوی مەهدی سەبیلی، لە چەند گرتە ڤیدیۆیەکدا کە تێیدا خۆی وەک شارەزای بواری چارەسەری بزیشکی ئیسلامی ناساندووە ئاماژەى بەوە کردووە "میزی وشتر باشترین چارەسەرە بۆ نەخۆشی گورچیلە، ڕەبوو و بنبڕکردنی پەتای کۆرۆنا" لە ڤیدیۆکاندا ئەو کەسە ئامۆژگاری ئەوەشی کردووە کە دەبێت "میزی وشتر بە گەرمی و بەفرێشی بخورێت".

 

 هاوشێوەی ئەو پیاوە ئاینییە ئێرانییە، ماوەیەک لەمەوبەر مەلا عەلی کەڵەک، لە گرتە ڤیدیۆیەکدا باسی سوودەکانی میزی وشتری کرد و گەواهی ڕاستی ئەو بابەتەشی بۆ دەقە ئاینییەکان گەڕاندەوە، خۆشی لە گرتە ڤیدیۆکەدا دەرکەوت کە لە وڵاتی سعودییە و لە کاتی میزکردنی یەکێک لە وشترەکان بە دەستی خۆی دەفرێکی لە میزەکەی پڕکرد و خواردییەوە، وتی" باشتر وایە لەگەڵ شیردا تێکەڵ بکرێت".