گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

فراکسیۆنی یەکێتی بۆ هێمن هەورامی: لە خیانەتدا باش دەزانیت کێ شەرمەزاری مێژووە

2020.05.07 - 20:38
فراکسیۆنی یەکێتی بۆ هێمن هەورامی: لە خیانەتدا باش دەزانیت کێ شەرمەزاری مێژووە

ناس کورد-

فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان وەڵامی وتەکانی ئەمڕۆی هێمن  هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی دایەوە و ڕایگەیاند، ئەگەر باسی خیانەت و مێژوو دەکات، ئەوا ئەو  لەھەموو کەس باشتر دەزانێت کە لەو بابەتەدا کێ  شەرمەزاری مێژووە.

 

لە ڕاگەیەندروێکدا فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: "بەداخەوە ئەمڕۆ ھێمن ھەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا كە بۆ پاساو هێنانەوەی شانۆگەریەکەی ئەمڕۆی ئەنجامیدا، نەک نەیتوانی بەرگی حیزبی لەخۆی داماڵێت، بەڵکو نمایشەکەی بەجۆرێک پڕ هەڵەی سیاسی و مەنهەجی بوو ، ھەرگیز  لە ئاستی جێگری سەرۆک پەرلەمان نەبوو ، لەو چوارچێوەیەدا بێ موناسەبە، بە پاساوی وەڵامدانەوەی پرسیارێکی ئامادەکراو لەلایەن خۆیەوە، ھێرشی نارەوای کردە سەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان و تۆمەتی بێ بنەماو بێ ئەرزشی دایەپاڵی".

 

فراکسیۆنی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکردووە: "بۆ هێمن ھەورامی و بەرژەوەندی حزبەکەشی چاکتر بوو لاپەرەکانی مێژوو ھەڵنەداتەوە ، چونکە ئەگەر باس لە دۆسێی چاوساغی و لەشکرکێشی و خیانەت بەرامبەر ھێزە کوردستانیەکان بکەین، بەدڵنیایی ئەو  لەھەموو کەس باشتر دەزانێت کە لەو بابەتەدا کێ  شەرمەزاری مێژووە و لە ئێستاشدا بەردەوامە".

 

ئەوەش هاتووە: " خەلکی کوردستان باش ئەوانە دەناسن کە لە دەستکێشکردنی بێگانە و لە بواری پێدانی زانیاری بەدوژمن و ڕاوەدونان و دەستگیرکردنی کوردستانیان پسپۆرن و چاوساغی بۆ فرۆکە جەنگیەکانی بێگانە و دەستکێشی کردنی لەشکری بێگانە بۆ داگیرکردنی خاکی ھەرێمی کوردستان پیشەی ڕۆژانەیانە، ئەوانە ناسراون کە گەمارۆ و خەندەق بە چواردەوری رۆژئاوا لێدەدەن و ھاوکاری و چاوساغی بۆ سوپای بێگانە دەکەن".

 

فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەشکردووە، ھێمن ھەورامی باشتر دەزانێت ئەوەی ئەمڕۆ کرا بەتەنھا گەمەیەکی ناشرین نەبوو لەژێرناوی  سەروەری یاسا، بەڵکو ھستریای سەرکەوتنێکی ساختە بو و غەدرێکیش بوو لە پێکھاتەکانی کوردستان کرا بۆ تێکدانی یەکریزی و ناشرین کردنی پرۆسەی حوکمرانی بەکارھێنران و کرانە بەشێک لەگەمەی سیاسی.

 

ئاماژە بەوەشکراوە: "ئێمە داوا لەسەرکردە دەستڕۆیشتووەکانی پارتی دەکەین بەوردی گوێ لە وتەکانی ھێمن ھەورامی بگرن بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی سیاسی نوێنەری حیزبەکەیان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەن، بۆ ئەوەی دڵنیابن کە نوێنەرایەتی بەخەڵکی دەرون پڕ لەقین ناکرێت، هەرچەندە بڕوای خۆمان وایە کە ئەم قسانە بە مەبەستی تێکدانی زەمینەی کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممەی یەکێتی و پارتی کردووە، نەک لە نائاگاییەوە.".

 

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی یەکێتیدا ئەوە هاتووە: " دەمانەوێت بزانێت کە بۆ ئەو نەهاتوە قسە لەسەر پەیوەندیەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هێزو لایەنەکانی تری کوردستان بکات ".