ناس کورد-
وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکانی شاندی باڵای هەرێم و حکوومەتی بەغداد بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاوی پرسەکانی نەوت و دابینکردنی ماف و شایستەکانی هەرێم لەبەرانبەر پابەندییەکانی هەرێم.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ی ئایاری 2020م سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: "کۆبوونەوەکانی شاندی باڵای هەرێم و بەغدا بەردەوامن، تاوەکو گەیشتن بە چارەسەرێکی گونجاو بۆ پرسی نەوت و ماف و شاییستەکانی هەرێمی کوردستان".
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمڕۆ و چەند ڕۆژی ڕابردووش لە گفتوگۆکاندا زانیاری و دۆکیۆمێنتەکان ئاڵوگۆڕکراون و چەند پێشنیارێکی گونجاو خراونەتەڕوو، وەک چارەسەر بۆ هەردوو پرسی نەوت و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم.
وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەت ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە کۆبوونەوەکانیاندا گفتوگۆیان لەگەڵ چەند بەرپرسێکی باڵای وەزارەتەکانی دارایی، پلاندانان، نەوت، بەڕێوەبەری گشتیی سۆمۆ و هەروەها چەند ڕاوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش کردووە و وا بڕیارە کۆبوونەوەکان سبەینێ 8ی ئایاریش بەردەوام بن.
هەر ئەمڕۆ، هەیسەم جبوری، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، داوایان لە شاندی هەرێم کردووە، داهاتی وردیان لەسەر ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم و داهاتی نەوت ڕادەست بکەن.