گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سۆران عومەر هاتەدەنگ: پەرلەمانتاری پارتی هەیە دۆسییەی کوشتنی خۆپیشاندەری هەیە و تائێستا نەدراوەتە دادگا

2020.05.07 - 16:29
App store icon Play store icon Play store icon
سۆران عومەر هاتەدەنگ: پەرلەمانتاری پارتی هەیە دۆسییەی کوشتنی خۆپیشاندەری هەیە و تائێستا نەدراوەتە دادگا

ناس کورد-

لەدوای لابردنی پارێزبەندی لەسەری، سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کۆمەڵ ئەو کارە بە کودەتا ناودەبێت و دەڵێت، پارێزبەندی هەبێت یاخود نا بەردەوامدەبێت لەسەر کارەکانی، دەشڵێت، ئەو لایەنەی ئەو کارەی کرد پەرلەمانتاری هەیە تۆمەتبارە بە کوشتنی خۆپیشاندەر و تائێستا نەدراوە بە دادگا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ی ئایاری 2020، سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دەربارەی لابردنی پارێزبەندی لەسەری ڕایگەیاند: "ئەوەی روویدا تەنها بەرامبەر بەرلەمانتارێک  نەبوو، بەڵکو بەرامبەر سەرۆکی پەرلەمان و سەرجەم فراکسیۆنەکانی کۆمەل، یەکێتی، یەکگرتوو و نەوەی نوی و پەرلەمانتارە سەربەخۆکان بوو، بەوەی وتیان، هەرکەس ئیتر قسە بکات و ڕەخنە بگرێت ئاوای لێدەکەن".

 

ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵی ئیسلامی وتیشی، عەیبەیەکی گەورەیە، 57 پەرلەمانتار دەستبەرزبکاتەوە و بڵێن، نابێت پەرلەمانتار ڕەخنە لە حکومەت بگرێت و بڵێت سەرۆکی حکومەت کۆمپانیای هەیە.

 

سۆران عومەر ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو  فراکسیۆنەی ئەمڕۆ ئەو کودەتایەی کرد، پەرلەمانتاری هەیە کە دۆسیەی کوشتنی هەیە لە خۆپیشاندانەکانی گەرمیاندا، بەڵام تاوەکو ئێستا نەدراوەتە دادگا.

 

ئەوەشی خستەڕوو، ئەوانەی ئەمڕۆ وایان کرد ڕێزیان لە یەکێتی و گۆڕانیش نەکرد کە ڕێککەوتنیان هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمان و گاڵتەجاڕییە کە سەرۆکی پەرلەمان بایکۆتی دانیشتن بکات و هەرچی لایەنی ئۆپۆزسیۆنە بایکۆت بکەن، کەچی دانیشتنەکە هەر بکرێت.

 

سۆران عومەر ئەوەشی خستەڕوو: "من لە ڕابردوودا پارێزبەندیشم نەبووە و بەردەوام بووم لەسەر کارەکانم، ئێستاش پارێزبەندیم هەبێت یاخود نا، من بەردەوام دەبم لەسەر کارەکانم و دژی گەندەڵی دەوەستمەوە".

 

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە دانیشتنێکی پەرلەمانی کوردستاندا بە سەرۆکایەتی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 57 پەرلەمانتار پارێزبەندی سەر سۆران عومەر لادرا.