گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مستەفا کازمى: چەک دەخەینەوە ژێر ڕکێفى دەوڵەت و ئامادەکارى بۆ هەڵبژاردن دەکەین

2020.05.07 - 09:30
App store icon Play store icon Play store icon
مستەفا کازمى: چەک دەخەینەوە ژێر ڕکێفى دەوڵەت و ئامادەکارى بۆ هەڵبژاردن دەکەین

ناس کورد- 

دوای پێنج مانگ و شكستی دوو كاندیدی ڕاسپێدراوی پێش خۆی، مسته‌فا كازمی توانی متمانه‌ی په‌رله‌مانی وه‌ربگرێت و كابینه‌كه‌ی ناته‌واوكاری پێكبهێنت و چه‌ند پرسێكی سه‌ره‌كیشی كردووه‌ته‌ كارنامه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی كه‌ به‌ڵێنی چاره‌سه‌ركردنیانی داوه‌.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

شه‌وی ڕابردوو به‌ئاماده‌بوونی 225 په‌رله‌مانتار  مسته‌فا كازمی سوێندی یاسایی خوارد دوای ئه‌وه‌ی متمانەى زۆرینەى پەرلەمانتارانى بەدەستهێنا. 

 

له‌وته‌یه‌كیدا كازمی له‌به‌رامبه‌ر په‌رله‌مانتاراندا ڕایگه‌یاند، كابینه‌ی نوێ، حكومه‌تی چاره‌سه‌ر ده‌بێت نه‌ك حكومه‌تی قه‌یران و هه‌موو جۆره‌ ده‌ستدرێژییه‌كیش بۆ سه‌ر گۆڕه‌پانه‌كانی خۆپیشانده‌ران ڕه‌تده‌كرێته‌وه‌.



جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌، چه‌ك به‌ده‌ستی ده‌وڵه‌ت و هێزه‌ چه‌كداره‌كان و له‌ژێر فه‌رمانی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كاندا ده‌مێنێته‌ و حكومه‌تیش ئاماده‌سازی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی پێشوه‌خته‌ و پاك ده‌دات و به‌ره‌نگاری كۆرۆناش یه‌كێكه‌ له‌ئه‌ركه‌كانی.

 

له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیشه‌وه‌، وتى "په‌یوه‌ندییه‌كی برایه‌تی له‌گه‌ڵ دراوسێكان و وڵاتانی نێوده‌وڵه‌تی بونیاد ده‌نێین".

كازمی كارنامه‌كه‌ی له‌ گه‌شه‌پێدانی دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی ئابوری و دارایی و په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و چاكسازی و شه‌ڕی گه‌نده‌ڵی و فه‌راهه‌مكردنی كه‌شوهه‌وای ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری پوختكرده‌وه‌.



پێكهاته‌ی كابینه‌ وه‌زارییه‌كه‌ی كازمی

جومعه‌ عناد بۆ وه‌زیری به‌رگری و فه‌ریق عوسمان بۆ ناوخۆ و محمه‌د عه‌باس بۆ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی وعه‌لی به‌عدولئه‌میر بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و ماجد مه‌هدی بۆ وه‌زیری كاره‌با و نه‌بیل كازم بۆ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و ناسر حوسێن به‌نده‌ر بۆ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ هه‌ڵبژێردران.

 

بۆ هه‌ریه‌ك له‌وه‌زاره‌ته‌كانی پیشه‌سازی و ئاوه‌دانكردنه‌ و  لاوان و په‌یوه‌ندییه‌كان، مه‌نهل عه‌زیز و نازه‌نین وه‌سۆ و عه‌دنان درجال و شه‌هاب ئه‌حمه‌ هه‌ڵبژێردران.

 

بۆ هه‌ریەک له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی پلاندانان و كار و په‌روه‌رده‌ و سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان، ڕه‌زامه‌ندی درا به‌هه‌ر یه‌كه‌ له‌ خالد نه‌جم و عادل حاشوش و عه‌لی حه‌مید و مه‌هدی ڕه‌شید.

ده‌نگدان بۆ هه‌ریه‌كه‌ له‌وه‌زاره‌ته‌كانی نه‌وت و ده‌ره‌وه‌ دواخرا و كاندیده‌كانی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و كشتوكاڵ و داد و بازرگانیش متمانه‌ی په‌رله‌مانیان به‌ده‌ستنه‌هێنا.

 

"بەگوێرەى بنەمایەکى پیشه‌یی"

پێش چوونه‌ ناو هۆڵی په‌رله‌مانه‌وه‌ كازمی له‌هه‌ژماری توێته‌ره‌كه‌یدا نووسی، كابینه‌ وه‌زارییه‌كه‌ی پێشكه‌ش كردووه‌ و چاوه‌ڕوانی متمانه‌ی په‌رله‌مانییه‌ و زۆربه‌ی كاندیده‌كانیشی له‌سه‌ر بنه‌مای پیشه‌یی بوون و په‌سه‌ندكراوی سیاسی و خه‌ڵكن.

 

مسته‌فا كازمی سێیه‌م كاندیدی ڕاسپێدراوه‌ دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عه‌بدولمه‌هدی كه‌ به‌هۆی ناكۆكی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی پێش خۆی شكستیان له‌پێكهێنانی كابینه‌كه‌ هێنا و بۆ ماوه‌ی پێنج مانگه‌ پرسی متمانه‌دان به‌كابینه‌یه‌كی نوێ مشتومڕی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یی و ناوخۆیی دروستكردووه‌.