گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زیاتر لە 90 هەزار کارمەندی تەندروستی لە جیهاندا گیرۆدەی پەتای کۆرۆنا بوون

2020.05.06 - 23:43
زیاتر لە 90 هەزار کارمەندی تەندروستی لە جیهاندا گیرۆدەی پەتای کۆرۆنا بوون

ناس کورد-

ئەنجومەنی نێودەوڵەتی پەرستاران ڕایگەیاند، زیاتر لە 90 هەزار کارمەندی تەندروستی لەجیهاندا توشی کۆرۆنا بوون، دەشڵێت، بەهۆی  کەمی کەلوپەلی پێویستی خۆپارێزی بۆ کارمەندانی تەندروستی ژمارەکە دوو هێندە بەرزبووەتەوە. 

 

 

 ئەمرۆ (چوارشەممە، 6ى ئایاری 2020)  ئەنجومەنی نێودەوڵەتی پەرستاران ڕایگەیاند، لانیکەم 90 هەزار کارمەندی تەندروستی لەجیهاندا توشی کۆرۆنا بوون.

 

ئەو ئەنجومەنە کە بارەگاکەی لە شاری" جنیڤ"ە جەختیکردۆتەوە، بەپێی داتا و زانیارییەکانی ئەوان، ئەگەر وردتر ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا هەژماربکرێت ژمارەکە دوو هێندەش دەبێت.

 

لەبارەی هۆکارەکانی توشبونی ئەو ڕێژە زۆرەی کارمەندانی تەندروستی، ئەنجومەنی نێودەوڵەتی پەرستاران ڕایگەیاندوە، هۆکارەکەی نەبونی کەلوپەلی پێویستی خۆپارێزییە بۆ کارمەندانی تەندروستی.

 

ئەنجومەنی پەرستاران ئاماژەی بەوەشکردوە، تائێستا زیاتر لە 260 پەرستار بەهۆی کۆرۆناوە گیانیانلەدەستداوە.

 

هاوکات هوارد کانون، بەرپرسی جێبەجێکاری ئەنجومەنەکە بە ئاژانسی "ڕۆیتەرز"ی ڕاگەیاندووە "ژمارەی توشبووانی کارمەندانی تەندروستی بە  ڤایرۆسی کۆرۆنا لە 23 هەزار کەسەوە هەڵکشاوە بۆ زیاتر لە 90 هەزار کەس، پێشبینی دەکەین ژمارەکە زۆر لەو زیاتر بێت، چونکە ئەو ژمارەیە لە چەند وڵاتێکی جیهاندا تۆمارکراوە نەک هەموو جیهان".



 ئەو بەرپرسە تەندروستییە، ئاماژەی بەوەشکردووە، بەگوێرەی ئامارەکان ڕێژەی ناوەندی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا  لەنێوان کارمەندانی تەندروستی  6% دایە  ئەگەر ئەو ڕێژەیە بەراورد بکەین بە  ژمارەی گشتی توشبووان بە ڤایرۆسەکە لە جیهاندا کە ئێستا 3.6 ملیۆن زیاترە ئەوا دەردەکەوێت  کە ژمارەی ئەو کارمەندە تەندروستیانەی کە گیرۆدەی پەتاکە بوون لە 200 هەزار کەس زیاترن.

 

 کانون، ئاماژە بەوەشکراوە "حکومەتەکانی جیهان بە شێوەیەکی بەرنامە داڕێژراوە  زانیارییەکان دەربارەی حاڵەتەکانی توشبوون و مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوناکەنەوە ئەوەش کاڕێکی شەرمەزارییە، چونکە دەبێتە هۆکاری دروستبوونی مەترسی لە سەر ژیانی کەسانی تر".

 

داواشی لەدەسەڵاتداران کرد بە شێوەیەکی وردتر لەسەر ئەو بابەتە ڕاوەستن تا ڕێگری لەبڵاوبونەوەی زیاتری پەتاکە بکەن و توشبونی زیاتری کارمەندانی تەندروستی.

 

وتیشی : "شاردنەوەی زانیارییەکان دەربارەی مردن و توشبوون بە پەتای کۆرۆنا لە نێو کارمەندانی کەرتی تەندروستی ژیانى ئەوان زیاتر دوچاری مەرگ دەکاتەوە".