ناس کورد-
پۆلیسی ڕێگا خێراكانی ویلایەتی یۆتای ئەمریكا دەڵێت، ڕۆژی دووشەممەی پێشوو پۆلیسێک ئۆتۆمبیلێكی ڕاگرتووە بە گومانی ئەوەى شۆفێرەكە سەرخۆش بێت و لەژێر كاریگەری مادەی بێهۆشكەر یاخود مادە كحولیەكاندا شۆفێری بکات، بەڵام دواتر بۆی دەركەوتووە منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵان دانیشتووە و شۆفێری دەكات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
پۆلیسی یۆتا لە تویتەرەکەى نوسیویەتی، دوای ئەوەی پۆلیسەكەیان بینویەتی ئۆتۆمبێلێک لەسەر خۆی دەڕوات و دەیەوێت بچێتە سەر یەكێك لە شەقامە خێراكانی نێوان ویلایەتەكان شاوری ئاگاداركردنەوەی بۆ لێداوە و شۆفێرەكەش بەتەنیشت شەقامەکەوە وەستاوە، دواتر كە ئەو گرتە ڤیدیۆیەی كاتی ڕوداوەكە بڵاوكراوەتەوە كە بەكامێرای چاودێری تۆماركراوە و وتوێژی نێوان پۆلیس و منداڵەكەیە لەسەر یوتیۆب زیاتر لە 760 هەزار بینەری هەبووە.
لە گرتە ڤیدیۆكەدا ئەوە بەدەردەكەوێت پۆلیسەكە كاتێك ئۆتۆمبیلەكە ڕادەگرێت و بۆی دەردەكەوێت مناڵەكە شۆفێری دەكات دەڵێت، "تەمەنت پێنج ساڵانە؟ چ سەیرە" دواتر پرسیاری لەبارەی چۆنیەتی فێربوونی شۆفێری و چەند وردەكاریەكی ترەوە لێدەكات.
لە وەڵامدا مناڵەكەش دەڵێت، ماڵی بەجێهێشتووە و ئۆتۆمبیلەكەی باوكی لێخۆڕیووە دوای ئەوەی لەگەڵ دایكیدا مشتومڕی بووە بەهۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلی لمبرگینی بۆ نەكڕیووە.
پۆلیسی ویلایەتەكە ئەوەشی نوسیووە، بۆیە سەرنشینی ئۆتۆمبیلەكە بڕیاردەدات بچێت بۆ كالیفۆڕنیا و بەتەنها خۆی ئۆتۆمبیلەكە بكڕێت، ئەوەش پێویستی بە پارەیەکی زۆر هەیە لەکاتێکداجزدانی ئەو شۆفێرە تەنها سێ دۆلاری تێدا بووە.