گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کازمی سەردەکەوێت؟

ڕۆژى يەكلاكردنەوە لە عێراق.. دانوستانەکان بەردەوامن و شەقامیش دەكوڵێت

2020.05.05 - 21:53
App store icon Play store icon Play store icon
ڕۆژى يەكلاكردنەوە لە عێراق.. دانوستانەکان بەردەوامن و شەقامیش دەكوڵێت

ناس کورد-

دواى تێپەڕبونى چەند مانگێك بەسەر كێشمەكێشە سياسيەكان و سەرنەكەوتنى دوو ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانى حكومەت بۆ گەيشتنە پەرلەمان و دەنگدان لەسەر كابينەكانيان، محەمەد حەلبوسى، سەرۆكى پەرلەمان داواى لە ئەندامانى پەرلەمان كرد كە ئامادەبن بۆ دەنگدان بە كابينەكەى مستەفا كازمى كە ڕاسپێردراوى سێيەمە تائێستا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

حكومەتەكەى كازمى لە بارودۆخێكى تايبەت و بێ پێشينەدا دەچێتە پەرلەمان بە پێچەوانەى سەرۆكوەزيرانەكانى پێشوو كە متمانەدان بە حكومەتەكانيان بەهۆى ڕێكەوتنە سياسيە پێشوەختەكان يەكلايى كرابوونەوە، تائێستاش چانسى ناوبراو بۆ تێپەڕاندنى كابينەكەى بە تەواوەتى ڕوون نييە.

 

لەلايەكى ترەوە شەقامى عێراقى دەكوڵێت و خۆپيشاندەران توڕەن، ئەوەش بەهۆى ئەو بارودۆخەكەى عێراقى تێدايە لەڕووى سياسى و ئابوريەوە، بەتايبەتى بەهۆى ڤايرۆسى كۆرۆنا و بارودۆخى سياسى و هەوڵەكان بۆ "پشک و پشککاری" كە بووەهۆى ئەوەى جارێكى تر شەقام گڕ بگرێتەوە.

 

ئەحمەد حسێن، ڕۆژنامەنوسى ديارى عێراقى بە پێگەى "الحرة"ى وتوە، تائێستاش بارودۆخەكە ئاڵۆزە، چەند لايەنێكى سياسى ديار رەتيدەكەنەوە دەنگ بە كابينەكەى كازمى بدەن و تەنانەت هەوڵى ئەوە دەدەن لە پەرلەمان شكستى پێ بهێنن، كۆتا هەوڵيش ئەو نامەيە بوو كە بەناوى ماسيۆ تۆلەر، باڵيۆزى ئەمريكا لە عێراق بڵاوكرايەوە كە نورى مالكى، سەرۆكى هاپەیمانی دەوڵەتى ياسا قسەى لەسەر كرد، دواى ئەويش چەندين لايەنى تر هاتنە دەنگ.

 

نامەكەى تۆلەر هانى لايەنە سياسيەكان دەدات كە كابينەكەى كازمى تێپەڕێنن و هۆشداريشى داوە لە پێشهاتى خراپ بە تێنەپەڕاندنى كابينەكە.

 

تەنانەت "ئەياد عەلاوى" سەركردەى ئيئتلافى هێزە نيشتمانيە عێراقيەكان كە ڕكابەرى هەميشەيى "نورى مالكى" يە هەمان هەڵوێستى ناوبراوى هەيە لەسەر كابينەكەى كازمى، ئەويش هەمان نامەى بەدەست گەيشتوە.

 

هەوڵى خستن

ئەو ڕۆژنامەنوسە باسى لەوەشكردوە، لێدوانەكانى مالكى و عەلاوى ئەو بۆچونانە بەهێز دەكەن كە هەندێك سەرچاوەى سياسى ئاماژەى پێدەدەن بەوەى نامەكە و بڵاوكردنەوەى هيچ نييە جگە لە هەوڵى خستنى كابينەكە، چونكە مالكى و عەلاوى وەزارەتەكانى ناوخۆ و بەرگريان دەوێت و ناتوانن بەدەستى بهێنن.

 

لە كۆتا هەڵبژاردندا ئيئتلافى دەوڵەتى ياسا 25 كورسى بەدەست هێناوە و ئيئتلافى هێزە عێراقيەكانيش 21 كورسى.

 

تەنانەت ئەگەر ئەم دوو سەركردەيەش مێژووە دورو درێژەكەيان لە ناكۆكى سياسى بخەنە لاوە و  كورسيەكانان يەكخەن بۆ ڕێگەگرتن لە تێپەڕاندنى كابينەكەى كازمى، ئەوا ناتوانن ئەو كارە بكەن ئەگەر ناوبراو كوتلەكانى ترى پەرلەمانى ڕازيكرد بۆ دەنگدان بە كابينەكەى.

 

بەڵام تەنها مالكى و عەلاوى نين كە دەنگدان بە كابينەكە ڕەتدەكەنەوە، "مستەفا ناسر" ڕۆژنامەنوسى عێراقى دەڵێت، كازمى تەركيزى خستوەتە سەر كوتلە سياسيە گەورەكان و چەندين پۆستى پێداون و مافى ديارى كردنى وەزيرەكانيشى بۆ خۆى پارستوە.

 

دەشڵێت، كوتلە سونيەكان بەهۆى ناكۆكيەكانيان سەبارەت بەو وەزارەتانەى وەريانگرتوە دابەش بوون، كوتلەكانى ئوسامە نوجێفى و خەميس خەنجەر لە ڕێكەوتنەكان لەسەر كازمى دەرچون، هەروەها كوتلەى سەندى نيشتمانيش دەرچوە، سەرەڕاى ئەوەش پەرلەمانتارانى عەسائيبى ئەهلى حەق لە هاوپەيمانى فەتح كە هادى عامرى سەرۆكايەتى دەكان هاتونەتە دەرەوە و كوتلە كورديەكانيش يەكگرتوو نين لەسەر تێپەڕاندنى كابينەكە.

 

ڕۆژنامەنوسەكە دەڵێ، كوتلەى سەند و پەرلەمانتارانى عەسائيبى ئەهلى حەق دەيانەوێت پۆست لە دەزگا ئەمنيە هەستيارەكان وەرگرن وەك دەزگاى هەواڵگرى و دژە تيرۆر، بەڵام ئەو داواكاريانە لەلايەن كازمى و كوتلە شيعيەكانى وەك نەسر كە حەيدەر عەبادى سەرۆكايەتى دەكات و حيكمە كە عەمار حەكيم سەرۆكايەتى دەكات ڕەتكراونەتەوە.

 

ئەگەر كازمى توانى كوردەكان ڕازى بكات (كە گەورەترين فراكسيۆنيان پارتى ديموكراتى كوردستانە و داوا دەكات فوئاد حسێن ياخود هۆشيار زێبارى يەكيان بكرێتە وەزيرى دارايى) بە گۆڕينى ئەو ناوانە كە لەلايەن كوتلەكانى ترەوە ڕەتدەكرێنەوە لەوانەيە كازمى بتوانێت بە سودوەرگرتن لەهێزى كورد كابينەكەى تێپەڕێنێت.

 

سەرچاوەيەكى سياسى باسى لەوەكردوە، كۆبونەوەى كوتلە سياسيەكان بەردەوامە و تا بەيانى ڕۆژى چوارشەممە بەردەوام دەبێت، ئەوەش لەپێناو گۆڕينى بۆچونى ئەو كوتلانەى كە دەنگدان بە كابينەكە ڕەتدەكەنەوە، بەپێى بۆچونەكانيش ئەگەر نەگەنە ڕێكەوتن لەوانەيە دەنگدان بە كابينەكە كە بڕيارە ڕۆژى چوارشەممە بێت دوابخرێت.

 

شارەزايان پێيان وايە، سەرەڕاى ناڕەزايەتى و كێشەكان، حكومەتەكەى كازمى بەرەو ئەوە دەچێت لە پەرلەمان تێپەڕێنرێت، ئەوەش بەهۆى ئەو ڕێكەوتنە هەرێميەى لەسەر ناوبراو هەيە كە پەيوەنديەكى نێودەوڵەتى فراوانى هەيە.

 

كۆمارى ئيسلامى ئێران و ولايەتە يەكگرتوەكانى ئەمريكا و دەوڵەتانى كەنداويش ناڕەزايەتيان نييە لەسەر كازمى، هەروەها چەندين كەسايەتى بۆ وەزارەتە هەستيارەكان وەك وەزارەتى دەرەوە پاڵاوتوە كە قبوڵكراون.

 

تەحەداكانى داعش كە لەم دواييانەدا هێرشەكانى زياديان كردوە و قەيرانەى دارايى كە عێراقى تێكەوتوە و ڤايرۆسى كۆرۆناش واى لە هەموان كردوە كە نەيانەوێت بارودۆخەكە لەوە زياتر تێكبچێت، بەتايبەتى كە بارودۆخەكە بۆ ئەوە دەچێت لە چەند مانگى داهاتودا بتەقێتەوە.

 

دانيشتنەكەى پەرلەمانيش بۆ دەنگدان بە كابينەكە لەم بارودۆخەدا بەشێوەيەك رێكخراوە كە كورسيەكانى پەرلەمانتاران دوور لەيەك دانيشن، ئەوەش بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنا لە ئەگەرى ئەوەى توشبويەك لە دانيشتنەكەدا هەبێت، هەروەها ڕێوشوێنە تەندروستيەكانيش گيراونەتة بەر.

 

پەرلەمانتارێكيش باسى لەوەكردوە، دورخستنەوەى كورسیيەكان جگە لەوەى ڕێوشوێنە دژى ڤايرۆسى كۆرۆنا، هەروەها بۆ ئەوەشە پەرلەمانتاران نزيك نەبن لە يەكەوە تا كاريگەرى لەسەر دەنگى يەكتر دروست نەكەن.