گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یەکێتى و گۆڕان هەڵوێستێکى هاوبەش لەبارەى لامەرکەزى ڕادەگەیەنن

2020.05.05 - 15:42
App store icon Play store icon Play store icon
یەکێتى و گۆڕان هەڵوێستێکى هاوبەش لەبارەى لامەرکەزى ڕادەگەیەنن

ناس کورد-

یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و بزوتنەوەى گۆڕان پشتیوانى خۆیان بۆ هەوڵەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان بۆ جێبەجێكردنی سیستمی لامەركەزی و گرتنەبەری ڕێكارە یاساییە پێویستەكان ڕاگەیاند.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ماوەى زیاتر لە هەفتەیەکە پرسی لامەرکەزى مشتومڕ و کاردانەوەى زۆرى لە هەرێمى کوردستان دروستکردووە، دواى ئەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى جموجۆڵى بەو ئاڕاستەیە دەستپێکرد.

 

یەکێتى و گۆڕان ئەمرۆ دواى کۆبوونەوەیان لە مەکۆى سەرەکى گۆڕان لە ڕاگەیەنراوێکى هاوبەشدا ڕایانگەیاند "پشتیوانی هەوڵەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانین بۆ جێبەجێكردنی سیستمی لامەركەزی و گرتنەبەری ڕێكارە یاساییە پێویستەكان، وەك لە ڕێككەوتنی نێوان هێزە بەشدارەكانی حكومەت و كارنامەی حكومەتی هەرێمدا هاتووە".

 

یەکێتى و گۆڕان زۆرینەى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانی پێکدەهێنن و پێکەوە خاوەنى دوو لەسەر سێی کورسییەکانى ئەنجومەنەکەن، کە ئێستا سەرقاڵى ئامادەکردنى پڕۆژەیەکە بۆ لامەرکەزى پارێزگاکە لەرووى دارایی و کارگێڕییەوە.

 

هەوڵەکانى ئەنجومەنەکە هاوکاتە لەگەڵ نەتوانینى حکومەتى هەرێم بۆ دابەشکردنى موچەى فەرمانبەران لەکاتى خۆیدا بەهۆى بڕینى بەشە بودجەى تایبەت بە موچەى فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە.

 

یەکێتى و گۆڕان جەختیانکردووەتەوە "دابینكردنی بژێوی خەڵك و موچە، ئەركی سەرەكی حكومەتی هەرێم و لایەنە بەشدارەكانییەتی و پێویستە هەموو هەوڵەكان لەم پێناوەدا بخرێتە گەڕ".

 

هەروەها باسیان لەوەکردووە کە هەنگاوە كردارییەكانی پەرەپێدانی زۆرتری پەیوەندییەكانیان و پتەوكردنی متمانە دەگرنەبەر.

 

پرسى لامەرکەزى لە هەرێمى کوردستان بەپێی یاسایەک ڕێکخراوە کە ساڵى 2009 لەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە پەسەندکراوە، لەسەر بنەماى ئەو یاسایەش ساڵى 2014 هەڵبژاردنى پارێزگاکان بەرێوەچوو، بەڵام تا ئێستا یاساکە جێبەجێنەکراوە.

 

هەوڵەکەى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى کاردانەوەى جیاجیاى بەدواى خۆیدا هێناوە، بەتایبەتى لەلایەن پارتى یەوە کە "گومانى" لە ئامانجى پشت هەوڵەکە هەیە.

 

فازڵ میرانى سکرتێرى مەکتەبی سیاسی پارتى ئەمڕۆ لە لێدوانێکی رۆژنامەنوسیدا وتى "ئەو برادەرانەى سلێمانى لیژنەیەکیان لە شارەزاکانیان ئامادەکردووە بۆ ئەو مەبەستە، هەرشتێک ئامادە بکرێت دەبێت بچێتە ئەنجومەنى وەزیران".  

  

وتیشى "ئەگەر ئەو پرسە یاساى بوێت دەبێت بچێتە پەرلەمان، خۆ ناکرێت لەدەرەوەى یاسا هیچ شتێک دروستبکرێت".  

  

فازڵ میرانى ئاماژەى بەوەشکرد، هەولێر زیاتر پێویستى بە لامەرکەزیەتە، چونکە وەزیرەکان بەو پێیەى لەو شارەن دەسەڵاتى زیاتریان بەسەر ئەو شارەدا هەیە.