گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چۆن کۆرۆنا لە ئێرانەوە بەڕێگەی ئاسمانی گوازرایەوە بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست؟

2020.05.04 - 23:56
App store icon Play store icon Play store icon
چۆن کۆرۆنا لە ئێرانەوە بەڕێگەی ئاسمانی گوازرایەوە بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست؟

ناس کورد-

لێکۆڵینەوەیەکى کەناڵى بی بی سی پەردە لەسەر ڕۆڵى کۆمپانیاى فڕۆکەوانى ئێرانى ماهان هەڵدەماڵێت لە گواستنەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا بۆ سەرتاسەرى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و پێشێلکردنى بڕیارەکانى قەدەغەى گەشتەکان لە چەندین وڵات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کەناڵەکە شیکارى کردووە بۆ ئامارەکانى گەشتەکانى هێڵە ئاسمانییەکە و قسەى لەگەڵ چەند سەرچاوەیەکى ناو کۆمپانیاکە کردووە بۆ ڕونکردنەوەى چۆنیەتى سەدان گەشتى ئەو کۆمپانیایە کە پێشێلى بڕیارە حکومییەکان بوونە لەنێوان کانونى دووەم بۆ کۆتایی ئازار لە رێگەى رێکخستنى گەشتەکانەوە لەنێوان ئێران و عێراق و ئیمارات و سوریا.

 

پێویست بوو سەرجەم ئەو وڵاتانە مۆڵەتى دابەزینى فڕۆکە بدەنە کۆمپانیاکە بۆ ئەوەى ڕێوشوێنەکانى قەدەغەى گەشت کۆمپانیاکە نەگرێتەوە.

 

لە 31ى کانونى دووەمدا ئێران سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانى بۆ چین راگرت، دواتر چەندین وڵات گەشتى ئاسمانیان لەگەڵ ئێران ڕاگرت لە شوبات و ئازاردا، دواى ئەوەى بووە کانگاى نوێی ڤایرۆسەکە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

 

بەڵام کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان بەردەوامیان دا بە گەشتەکانیان، ئەوەش روبەڕووى رەخنەى ئەوەى کردنەوە کە زیان بە تەندروستى گەشتیاران و تیمى فڕۆکەکان دەگەیەنن. تیمى فڕۆکەکان بێدەنگ کرابوون بە هەڕەشەکردن لێیان کە رەوانەى دادگایان دەکەن، کاتێک ترسی خۆیان لە گواستنەوەى ڤایرۆسەکە بۆ کەسانى نزیک و وڵاتەکانیان دەردەبڕى.

 

کۆمپانیاى ماهان

کۆمپانیاى ماهان کە هێڵى فڕۆکەوانى ئێرانییە و لەلایەن کەرتى تایبەتەوە بەڕێوەدەبرێت وەڵامى بی بی سی نەداوەتەوە بۆ قسەکردن لەو بارەیەوە.

 

کۆمپانیاکە خاوەنى 55 فڕۆکەیە و ساڵانە نزیکەى پێنج ملیۆن کەس گەشتیار لەرێگەیەوە هاتوچۆ لەنێوان 66 وڵاتدا دەکەن.

 

کۆمپاتیاکە پەیوەندى بە فەیلەقى قودسى سوپاى پاسدارانەوە هەیە کە خاوەنى هەژمونێکى زۆرە لە ئێران.

 

پێشێلکردنى رێنماییە تەندروستییەکان

بە بەکارهێنانى زانیارییەکانى تایبەت بە هێڵى گەشتە ئاسمانییەکان و قسەکردن لەگەڵ چەند سەرچاوەیەک لە لوبنان و عێراق، بی بی سی توانیویەتى بگاتە ئەو ئەنجامەى کە یەکەم دوو حاڵەتى توشبوون بە کۆرۆنا لەو دوو وڵاتە لەڕێگەى دو گەشتى ئاسمانى ماهانەوە بووە.لە 19ى شوباتى ڕابردوودا، خوێندکارێکى ئێرانى لە گەشتێکى ماهان ژمارە W55062 لە تارانەوە گەیشتوەتە نەجەف لە عێراق، لەهەمان ڕۆژدا یەکەم حاڵەتى توشبوون بە کۆرۆنا لە عێراق تۆمارکرا کە ئەو خوێندکارە ئێرانیە بوو.

 

هەروەها لە 20ى شوباتى ڕابردوو، ژنێکى لوبنانى دواى سەردانیکردنى شارى قوم گەڕایەوە بەیروت، لە گەشتى ژمارە W5112ى ماهاندا کە هەر ئەو رۆژە ئەو ژنە وەک یەکەم حاڵەتى توشبوون بە کۆرۆنا لە لوبنان تۆمارکرا.

 

سەرەڕاى ئەو دوو حاڵەتە کە توڕەیی ئەو دوو وڵاتەى لێکەوتەوە، کۆمپانیاى ماهان بەردەوامیدا بە گەشتەکانى.

 

لە 20ى شوباتدا، حکومەتى عێراق هەڵپەسادرنى گەشتە ئاسمانیەکانى لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند، بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوەکەى بی بی سی، لانیکەم 15 گەشتى دیکە لەدواى ئەو بڕیارەوە ئەنجامدراون. چەندین فڕۆکە گەشتیارى ئێرانیان بردووەتە شوێنە پیرۆزەکانى عێراق بە رەزامەندى بەغدا.

 

حکومەتى عێراق ڕایگەیاندووە، گەشتەکان گەشتى گەڕانەوە بوون و رەزامەندى دەستەى فڕۆکەوانى مەدەنیان وەرگرتووە، گەشتە ئاسمانییەکانیش لە عێراقەوە بۆ ئێران بەردەوام بوون، بەڵام چونى گەشتیارانى ئێرانى بۆ عێراق قەدەغە بووە.

 

گەشتى ئاسمانى لە لوتکەى بڵاوبوونەوەى کۆرۆنادا

بەپێی ڕاپۆرتەکەى بی بی سی، کۆمپانیاى ماهان لەکاتى بڵاوبوونەوەى گەورەى ڤایرۆسەکەدا لە چین، بەردەوامیداوە بە گەشتەکانى لەنێوان ئێران و چوار شارە گەورەکەى چین کە پێکهاتوون لە پەکین، شەنگەهاى، غوانزهو، وشينزين.

 

بەدەر لەوە ئێران مۆڵەتیداوە بە ماهان بۆ پێشێلکردنى قەدەغەى هاتوچۆ لەگەڵ چین کە تاران لە 31 ى کانونى دووەمدا بەبڕیارێک سەپاندى.

 

کۆمپانیاى ماهان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە چینییەکانەوە وێنەی شەش گەشتى بڵاوکردووەتەوە لەنێوان کۆتایی کانونى دووەم و 20ى نیساندا.

 

بە شیکردنەوەى زیاترى زانیارییەکانى تایبەت بە گەشتەکان و پێداچونەوە بە لێدوانى بەرپرسانى ماهان، دەردەکەوێت کە 157 گەشتى کۆمپانیاکە لەدواى ئەو بەروارەوە ئەنجامدراون، کە پێشێلکردنى قەدەغەى گەشتى ئاسمانى بووە لەگەڵ چین.

 

هەورەها کۆمپانیاکە بەردەوام بووە لە رۆڵى سەرەکى بۆ گواستنەوەى گەشتیاران لە ئێرانەوە بۆ وڵاتانى دیکە لەکاتى بڵاوبوونەوەى گەورەى ڤایرۆسەکەدا.

 

بەپێی لێکۆڵینەوەکەى بی بی سی، سەرەڕاى قەدەغەى گەشتى ئاسمانى لە ئێرانەوە بۆ ئیمارات لە 25 ى شوباتدا، کۆمپانیاى ماهان 37 گەشتى دیکەى ئەنجامداوە تا کۆتایی ئازار.

 

هەروەها لە هەشتى ئازار، سوریا سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانى لەگەڵ ئێران هەڵپەسارد، بەڵام کۆمپانیاکە هەشت گەشتى دیکەى لەدواى ئەو بەروارەوە ئەنجامداوە.

 

لەگەڵ ئەوەشدا کۆمپانیاى ماهان 37 گەشتى دیکەى بۆ دوبەى ڕێکخستووە، لەگەڵ 19 گەشت بۆ تورکیا، 20 گەشت بۆ شوێنى دیکە، وەکو ئیسپانیا و مالیزیا و تایلاند.

 

لەهەمانکاتدا کۆمپانیاکانى دیکەى فڕۆکەوانى گەشتیان لە ئێرانەوە بۆ وڵاتانى دیکە و بەپێچەوانەوە ئەنجامداوە، بەڵام ماهان یەکەم کۆمپانیایە کە بەو فراوانییە پێشێلى بڕیارەکانى قەدەغەى گەشتەکانى کردووە.

 

بێدەنگکردنى کارمەندەکان

بەپێی لێکۆڵینەوەکەى بی بی سی، تیمى فڕۆکەکان بێدەنگ کراون سەرەڕاى نیگەرانى بەردەوامیان لەبارەى ئەو رۆڵەى ماهان دەیگێڕێت لە بڵاوکردنەوەى ڤایرۆسەکەدا.

 

لە کۆتایی شوباتدا، چەند سەرچاوەیەکى ئاگادار لەناو کۆمپانیاکە باسیان لەوەکرد، کە نیشانەى ڤایرۆسەکە لەسەر زیاتر لە 50 کەسى تیمى فرۆکەکان دەرکەوتووە. ئەوەش ئەندامانى تیمەکانى ناچارکرد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رەخنە بگرن لەبارەى پێنەدانى پێداویستى و جلوبەرگى تایبەت بە خۆپاراستن لە کۆرۆنا.

 

لە 27 ى شوباتدا، بۆ یەکەمجار تیمى فڕۆکەکان قسەیانکرد.

 

لە وتارێکدا لە رۆژنامەى "روزنامة شرق" کارمەندانى ماهان نیگەرانى خۆى دەربڕى لەوەى کە ڕێگەیان پێنەدراوە خۆیان کەرەنتین بکەن دواى گەڕانەوەیان لە چین و ناچارکراون بەردەوامى بدەن بە کارەکانیان.

 

لە 18 ى نیساندا، 1300 کارمەندى ماهان واژۆیان لەسەر نامەیەکى کراوە کرد کە تێیدا کۆمپانیاکە تۆمەتباردەکەن بە خراپ بەڕێوەبردنى قەیرانەکە.

 

بی بی سی کۆپیەکى رێککەوتنى پابەندبوونى نهێنى دەستکەوتووە کە دابەشکراوە بەسەر کارمەندەکانى ماهاندا، کە تێیدا هەڕەشەى دادگاییکردنیان لێکراوە  ئەگەر ترسەکانیان ئاشکرابکەن.

 

کۆمپانیاى فڕۆکەوانى ماهان و ئەو وڵاتانەى کە مۆڵەتى نیشتنەوەى فڕۆکەکانیانداوە، رەتیانکردووەتەوە قسە لەو بارەیەوە بکەن.