گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تا راستییەکان روون ببنەوە

حکومەتى هەرێم سورە لەسەر سەندنەوەى پارێزبەندی لە سۆران عومەر

2020.05.04 - 22:19
App store icon Play store icon Play store icon
حکومەتى هەرێم سورە لەسەر سەندنەوەى پارێزبەندی لە سۆران عومەر

ناس کورد-

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕونکردنەوەیەکی لەبارەى هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کۆمەڵ بڵاوکردەوە و دەڵێت، بابەتی هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانی لە رووی یاساییەوە رێگەپێدراوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   


ئەمڕۆ دووشەممە، 4ی ئایاری 2020، فەرمانگەکە لە ڕونکردنەوەکەیدا دەڵێت، "دوای ئەوەی پەرلەمانتار سۆران عومەر لە دەزگاکانی راگەیاندنەوە چەندین تۆمەتی ناڕاست و بێ بنەمای ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، سەرۆکی داواکاری گشتی داوای کردووە کە پەرلەمانتاری ناوبراو بەڵگەی پێویست لە بارەی تۆمەتەکانی، رادەستی لیژنەی مافی گشتی لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی بکات و راستی تۆمەتەکانی بسەلمێنێ، ئەگینا تۆمەتەکانی دەچنە خانەی بوختان و ناوزڕاندن و سەرەنجام رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە."

 

دەشڵێت، "بەڵام دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوە، ناوبراو هیچ بەڵگەیەکی لەسەر تۆمەتەکانی پێشکەش نەکردووە و خۆی دەدزێتەوە، بۆیە داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کراوە کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، رێکارەکان بگیرێتەبەر تا راستییەکان روون ببنەوە و سنوورێکیش بۆ ناوزڕاندن و تۆمەت هەڵبەستنی ناوبراو دابنرێت."


ڕونیشیکردووەتەوە، "خەڵکی کوردستان دەزانن سەرۆکی حکومەت لە رابردوودا چەند پشوودرێژ بووە بەرامبەر ناوزڕاندن و تۆمەتی بەشێک لە پەرلەمانتاران، بەلام خەریکە ئەم بابەتە دەبێتە دیاردەیەک کە لە پەنای کاری پەرلەمانتاری، بۆ مەبەستی سیاسی رای گشتی چەواشە دەکرێت ."


لە کۆتاییدا دەڵێت، "بۆ ئاگاداری هەموو لایەکیش بابەتی هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانی لە رووی یاساییەوە رێگەپێدراوە و بە واتای لێسەندنەوەی ئەندامێتی پەرلەمانی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی یاسایی و مەدەنییە و هەر کاتێک پەرلەمانتار یاسا پێشێل بکات، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ماددە ( 24 ) پارێزبەندیی لە سەر هەڵدەگیرێت تاکو دادگا بتوانێت لە رووی یاساییەوە رێکار و رێچکەی خۆی بگرێتەبەر و کەسی پێشێلکار ڕووبەرووی یاسا بکرێتەوە."