گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕاپۆرتێکی هەواڵگری چینی داوای ئامادەکاری دەکات بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى ئەمریکا

2020.05.04 - 21:57
ڕاپۆرتێکی هەواڵگری چینی داوای ئامادەکاری دەکات بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى ئەمریکا

ناس کورد-

ماڵپەڕی سکای نیوزی عەرەبی بڵاویکردەوە، ڕاپۆرتێکی هەواڵگری چینی هۆشداری داوە لە زیادبوونی بەردەوامی "هەڵوێستی دوژمنانە" لە وڵاتانی جیهانەوە لەدژی چین بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و جەختدەکاتەوە کە لەوانەیە "گرژی پەیوەندیی و هەڵوێستەکان ئەگەری هەیە پێکدادانی سەربازی نێوان ئەمریکا و چینی لێبکەوێتەوە."

 

سکای نیوزی عەرەبی لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە نوسیویەتی، بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی کە لە لایەن وەزارەتی ئاسایشی نیشتیمانی چین ئەنجامدراوە ئاماژە بەوەکراوە، ڕاپۆرتەکە گەورە بەرپرسانی وڵاتی چینی لێ ئاگادارکراوەتەوە لە سەرووی هەموویانەوە شی جین بینگ، سەرۆکی چین.

 

ڕاپۆرتەکە ئەوەی خستوەتەڕوو کە "ئاستی هەڵوێستی ڕق و دوژمنانە دژ بە چین بە تایبەتی پاش تۆمەتبارکردنی لەلایەن ئەمریکاوە بە شاردنەوەی زانیارییەکان دەربارەی ڤایرۆسەکە لە جیهاندا گەیشتوەتە ئاستێکی مەترسیدار، بە شێوەیەکلە ساڵی 1989ەوە نمونەی نەبووە، لەو ساڵەدا بەهۆی خۆپیشاندانەکانی خۆێندکارانی چین لە گۆڕپانی "تيانانمين" کە وڵاتانی جیهان بە شێوەیەکی بەرفراوان سەرکۆنەی مامەڵەکردنی دەسەڵاتی ئەوسای چینیان کرد بەرامبەر بە خۆێندکارانی وڵاتەکەی.

 

ڕاپۆرتەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، "بەرکەوتنی زیانێکی مرۆیی و ئابوری سەخت لە ئەمریکا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی هەردوو وڵات لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردودا بە هۆی ململانێی بازرگانی، کایەکانی تەکنەلۆژیا،  گرژییەکان لە سەر هۆنگ کۆنک و تایوان و ململانێیەکانی ناوچەی دەریای چین، ئەمانە هەمووی وایکردووە سیناریۆی پێکدادانی سەربازی لە نێوان ئەمریکا وچین یەکێک بێت لە ئەگەرەکان".

 

ڕاپۆرتە چینییەکە لە کاتێکدایە کە دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندینجار و لەسەروبەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەی پەنجەی تۆمەتی ئاڕاستەی چین کردووە بەوەی کە زانیارییەکانی لە ئەمریکا و وڵاتانی جیهان شاردوەتەوە دەربارەی جۆر و شێواز و مەترسیداری بڵابوونەوەی ڤایرۆسەکە بۆیە ئێستا جیهان بەو شێوەیە گیرۆدەی پەتاکە بوون.

 

ڕاپۆرتە چینییەکە هۆشداری ئەوەشی داوەتە بەرپرسانی چین کە ئەگەری هەیە ئەمریکا هەموو هەوڵەکانی بخاتەگەر بۆ لێدانی بەرژەوەندییەکانی چین لە ڕووی ئابوری و سەربازییەوە لە کیشوەری ئاسیا .



لە ئاکامی گرژییەکانی گۆڕەپانی "تيانانمين" پێش 30 ساڵ لە چین، ئەمریکا و حکومەتە ڕۆژئاواییەکان کۆمەڵێک سزایان سەپاندە سەر چین کە پێکهاتبوو لە ڕێگریکردنی فرۆشتنی چەک و گەیشتنی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووە بەو وڵاتە.