گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەوێنە.. ژیان لە ئیتاڵیا بەرە بەرە ئاسایی دەکرێتەوە هەرچەندە حاڵەتەکانی کۆرۆنا هێشتا بەرزە

2020.05.04 - 18:26
App store icon Play store icon Play store icon
بەوێنە.. ژیان لە ئیتاڵیا بەرە بەرە ئاسایی دەکرێتەوە هەرچەندە حاڵەتەکانی کۆرۆنا هێشتا بەرزە

ناس کورد-

پاش دوو مانگ لە کەرەنتینەکردن و ڕێکارەکانی خۆپارێزی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، حکومەتی ئیتاڵیا بڕیاری دا بە شێوەیەکی سنوردار ژیان لەو وڵاتە ئاسایی بکاتەوە و ڕێگە بە ملیۆنان هاووڵاتی بدات بگەڕێنەوە سەر کارەکانی خۆیان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆ دووشەممە، 4ى ئایار 2020، حکومەتی ئیتاڵیا دەستیکرد بە کەمکردنەوەی ڕێکارەکانی قەدەغە و کەرەنتینەی گشتی لەو وڵاتە کە بەدرێژترین قەدەغەی سەرانسەری لە کیشوەری ئەوروپادا دادەنرێت.    

 

پەتای کۆرۆنا لە 21ی شوباتی ڕابردوودا لە ئیتاڵیا سەریهەڵدا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 29 هەزار کەس لەو وڵاتە، ئەوەش وایکرد حکومەت وەک ڕێکارێکی لە ناکاو قەدەغەی گشتی لە سەرتاپای ئەو وڵاتدا پەیڕەو بکات بۆ گەمارۆدانی نەخۆشییەکە.

 

بەگوێرەی ئەو ڕێسا نوێیانەی کە ئەمڕۆ دووشەممە حکومەتی ئیتاڵیا بڕیاری لە سەرداوە، ڕێگەدراوە بە نزیکەی 4.5 مليۆن کەس بگەڕێنەوە بۆ سەر کارەکانیان، بڕیار دراوە قاوەخانەکان قاوەکانیان لە دەرەوەی قاوەخانەکاندا پێشکەش بە کڕیارەکانیان بکەن، لە هەمانکاتیشدا ڕێگەدراوە بە دەستپێکردنەوەی کاری کرێکارانی بیناسازی.

 

لە ئێستادا ئیتاڵیا لە سەر ئاستی جیهان بە پلەی دووەم دێت لە دوای ئەمریکا لە ژمارەی مردن بە پەتای کۆرۆنا، بۆیە حکومەتی ئەو وڵاتە بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ دۆخی ئێستادا کردووە تائێستاش ڕێگری کردووە لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان، بەڵام ڕێگەی بە کۆبوونەوەی خێزانەکان لە نێو خۆیاندا داوە ئەوەش وایکرد بەشێکی زۆر لە ئەندامانی خێزانەکان کە لەماوەی ڕابردوەدا دابڕابوون لە یەک بە گوێڕەی بڕیارە نوێیەکە بەیەک شادبنەوە.

بەگوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی ئیتاڵیا، زۆربەی فرۆشگاکان، قوتابخانەکان، هۆڵەکانی سینەما بەداخراوی دەمێننەوە تا 18ى ئەم مانگە.

 

لای خۆشیەوە جۆزیبی کۆنتی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "بۆ ئەوەی جارێکی دیکە نەگەڕێنەوە چوارگۆشەی یەکەم، دەبێت هەموومان بە ئەو پەڕی بەرپرسیارێتیەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەین".

گەرچی حکومەتی ئیتاڵیا لە ئێستادا ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا  کەمکردوەتەوە، بەڵام ئامارەکان و داتاکانی دامەزراوە تەندروستییەکانی ئەو وڵاتە ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕۆژانە  نزیکەی هەزار حاڵەتی نوێی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتەدا تۆماردەکرێت.