گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پارێزگاری هولێر: لەڕووی دابەشکردنی داهاتەوە هەولێر غەدرلێکراوترین پارێزگایە

2020.05.04 - 15:17
App store icon Play store icon Play store icon
پارێزگاری هولێر: لەڕووی دابەشکردنی داهاتەوە هەولێر غەدرلێکراوترین پارێزگایە

ناس کورد-

پارێزگاری هەولێر لەسەر پرسی لامەرکەزییەت هاتەدەنگ و دەڵێت، هەولێر لە هەموو پارێزگایەکی دیکە زیاتر پێویستی بە لامەرکەزییەتتە، چونکە لەڕووی دابەشکردنی داهاتەکانەوە غەدرلێکراوترین پارێزگایە، لەبارەی کردنەوەی مزگەوتەکانیش دەڵێت، هەرکات مەترسی کۆرۆنا نەما مزگەوتەکان دەکرێنەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆ دووشەممە 4ی ئایاری 2020، لەمیانی سەردانێکیدا بۆ لقی هەولێری یەکێتی زانایانی ئاینی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا، فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێری ڕایگەیاند: "داوا لە هاووڵاتیانی شاری هەولێر دەکەین خۆڕاگرتر بن و پشتیوان بەخوا هەرکات تروسکاییەکی ئومێد هەبێت بە نەمانی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەوا دەرگای مزگەوتەکان دەکەینەوە".

 

دەربارەی پرسی لامەرکەزییەتی پارێزگاکان کە لەئێستادا پارێزگای سلێمانی داوای دەکات، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: "پرسی سیستمی لامەرکەزییەت یەکێکە لە بەرنامەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم و لە ڕێککەوتنەکانی پێکهێنانی کابینەکەشدا لەنێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕاندا باسی لێوەکراوە".

 

وتیشی: " ئەم بابەتە میکانیزمی یاسایی پێویستە و پێمانباشە یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان بە هەماهەنگی سەرجەم پارێزگاکان و وەزارەتی ناوخۆ گۆڕانکاری تێدا بکرێت و دواتر پێشکەشی پەرلەمانی کوردستان بکرێت و دوور بێت لە ملمانێی سیاسی".

 

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد: " ئێمە وەک پارێزگای هەولێر زیاتر لە هەموو پارێزگاکانی دیکە پێویستمان بە لامەرکەزییەتی ئیداری هەیە، چونکە لە هەموو پارێزگاکانی دیکە ئێمە زیاتر هەست بە مەغدورییەت دەکەین و لەڕووی دابەشکردنی داهاتەکانەوە لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا پارێزگای هەولێر مەغدورترین پارێزگایە".

 

ئەمە لەکاتێکدایە، لەئێستادا ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەیەوێت پڕۆژەیەک ئامادە بکات بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی لامەرکەزییەت و ئەمڕۆش لیژنەی ئامادەکردنی پڕۆژەکە یەکەم کۆبوونەوەی خۆیان ئەنجامدا.