گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یەک ملیاری ساڵی ڕابردوو نەچووەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی

پەرلەمانتارێک: حکومەتی هەرێم دەڵێت قەرزمان داوەتەوە کە دەڵێین کوا وەسڵەکان ئامادە نین نیشانمانی بدەن

2020.05.03 - 13:53
App store icon Play store icon Play store icon
پەرلەمانتارێک: حکومەتی هەرێم دەڵێت قەرزمان داوەتەوە کە دەڵێین کوا وەسڵەکان ئامادە نین نیشانمانی بدەن

ناس کورد-

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاپۆرتی 2019ی کۆمپانیای دیلۆیتی سەبارەت بەرهەمهێنان، هەناردەکردن و داهاتی نەوت بڵاوکردەوە و تێیدا دەردەکەوێت، جگە لەو پارەی کە دراوە بە وەزارەتی دارایی بۆ موچە بڕی یەک ملیار دۆلار ماوەتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە راپۆرتەکەی کۆمپانیای دیلۆیتدا ئەوە هاتووە، لەساڵی 2019دا 170 ملیۆن و 977 هەزار و 784 بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، لەوەش 158 ملیۆن و 512 هەزار و 960 بەرمیل نەوت بە بۆری فرۆشراوە بە بڕی 8 ملیار و 349 ملیۆن و 749 هەزار و 733 دۆلار، بە تێکڕاش نرخی هەر بەرمیلێک بە 52 دۆلار و 76 سەنت فرۆشراوە.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، حکومەتی هەرێم لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەى 8 ملیار و 500 ملیۆن دۆلارى لە نەوت دەستکەوتووە، لەدواى دەرکردنى خەرجییەکان، زیاتر لە چوار ملیار و 515 ملیۆن و 421 هەزار و 625 دۆلار ماوەتەوە.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر حکومەتی هەرێم، مانگانە لە داهاتی نەوت 290 ملیۆن دۆلاری دەدا بە وەزارەتی دارایی بۆ تەواوکردنی موچەی فەرمانبەران، کە دەکاتە سێ ملیار و 480 ملیۆن  دینار بۆ ساڵێک.

 

ئەگەر ئەو  سێ ملیار و 480 ملیۆن دۆلار لە کۆی داهاتی پوختی ساڵی ڕابردووی نەوت دەربکەین، بڕی زیاتر لە ملیارێک دەمێنێتەوە.

 

لەوبارەیەوە شێرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان بە ناس کوردی وت: "پێشتریش چەندین جار وتوومانە کە بەشێک لە داهاتی نەوت دیارنییە و ناگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی".

 

وتیشی: "کاتێک لە حکومەت دەپرسین بۆچی بەوشێوەیەیە و ئەو داهاتە نادیارە چی لێهاتووە دەڵێن، داومانەتەوە بە قەرزدا، کە دەشڵێین قەرزی چی  کوا بەڵگەیەکمان نیشان بدەن، هیچ شتێک ناڵێن و ئاشكرای ناکەن".

 

 

وتیشی، بەگشتیی ئەو نادیارییەی هەیە لەو بڕەدایە کە ناچێتەوە وەزارەتی دارایی و لەئێستاشدا بە وردی ڕاپۆرتەکە دەخوێننەوە و بەدواداچوونی تەواوی بۆ دەکەن و دواتر بەڕوونی بۆچوونی خۆیان دەخەنەڕوو.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، لەدوای دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی کۆرۆنا و  سەرهەڵدانەوەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و ڕاگرتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغدا، بەشێک لە موچەخۆرانی هەرێم نزیکەی ماوەی دوو مانگە موچەیان وەرنەگرتووە و هاووڵاتیانیش ڕەخنە لە سیاسەتی حکومەتی هەرێم و ناشەفافی لە داهاتی نەوتدا دەگرن.