ناس کورد-
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی جەخت لە جێبەجێکردنی سیستمی لامەرکەزییەت دەکاتەوە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی لەگەڵ پارتیدا بۆ کابینەی نوێی حکومەت و دەڵێت، بووەتە داخوازییەکی جەماوەری.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەندراوێکدا مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایگەیاند: ئێوارەى دوێنێ شەممە، 2ی ئایاری 2020، بە سەرپەرشتی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەکێتی، مەكتەبی سیاسی لە دەباشان لە شاری سلێمانی کۆبووەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە كۆبونەوەكەدا كە قوباد تاڵەبانی و تیمی یەكێتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشداربوون، بارودۆخی سیاسی و باری گوزەران و ژیانی هاوڵاتیان و پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و دۆخی نالەباری ناوچە كوردستانییە دابڕاوەكان و مەترسی سەرلەنوێی داعش و كاروباری ناوخۆی حیزبی بە ووردی تاووتوێ كران .
ئەوەش هاتووە، سەبارەت بە هەوڵەكانی شاندی حكومەتی هەرێم لە بەغدا، كۆبونەوە وێڕای دەستخۆشی لە هەوڵ و كۆششی وەفدەكە بۆ چارەسەری كێشەی موچە و شایستە دارای یەكانی هەرێم، بە گرنگییەكی زۆرەوە لەسەر هۆكار و لێكەوتەكانی ئەم پرسە وەستا و دابینكردنی موچەی فەرمانبەران و پاراستنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی لە ئێستادا بە ئەركی هەرە سەرەكی حكومەتی هەرێم دانا، بەتایبەت کە سەرباری ئەو دۆخە سەختەی پەتای كۆرۆنا بۆ هەموانی دروست كردووە، نەبونی و هەژاریش بەرۆكی زۆرینەی خەڵكی كوردستانی گرتووە كە تا دێت بەرەو خراپتریش دەڕوات .
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە تەوەرێكی تری كۆبونەوەكەدا بە گرنگییەوە باس لە سیستمی لامەكەزی كرا و كۆبونەوەكە پێداگری كردەوە لەسەر پێویستی جێبەجێێكردنی وەک خۆی ڕێکكەوتنی سیاسی نێوان یەکێتی و پارتی كە لە كارنامەی كابینەی نۆی حكومەت جێگیركراوە و لە ئێستادا بووەتە داخوازیەكی جەماوەری و ئەنجومەنە هەڵبژیراوەكان، بەتایبەت پاش ئەزمونی سەركەوتووی ئیدارە خۆجێییەكان لە بەڕێوەبردنی ئەو قەیرانەی پەتای كۆرۆنا لە دنیا و لە هەرێمدا هێنایەكایەوە .
هاوکات ئاماژە بەوەشکرداوە: "سەبارەت بە پەیوەندییە سیاسییەكانی یەكێتی و حیزب و لایەنە سیاسییەكان، كۆبونەوەکە جەختیكردەوە لەسەر پەرەپێدان و پتەوكردنی هەرچی زیاتری ئەو پەیوەندیانەیە بە ئاڕاستەی یەكدەنگی و یەكڕیزی و هەماهەنگی لە پێناو هێنانەدی خواستەكانی خەڵكی كوردستان و پاراستنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك هەوێنی هەمیشەیی یەك ڕیزی نیشتمانی و وەك ئەمانەتێكی سەرۆك مام جەلال كە لە ئەستۆی ئێمەی یەكێتی یەكاندایە".