ناس کورد-
پزیشکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان ڕاگرتنی دەوامیان لەسەرجەم نەخۆشخانەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاند و ئاماژە بەوەشدەکەن، و سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان دەخەنە ئەستۆی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەندراوێکدا، پزیشکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان ڕایگەیاند: "وەک ئاگادارن بۆ ماوەی نزیک لە 60 ڕۆژە وەک پزیشکان چاوەڕێی مافی سەرەتایی خۆمانین کە موچەیە و لە ماوەی ڕابردوودا و پاش بەڕێوەبردنی نەخۆشخانە فریاگوزارییەکان لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی پارێزگای سلێمانی لەسەر خەرجی خۆمان، بەداخەوە دۆخی ئابوریمان گەشتووەتە بنبەست و ئیدی ناتوانین لە جێی حکومەت بەرپرسیارییەتی تەندروستی هاوڵاتیان بخەینە سەرشانی خۆمان".
ئاماژەیان بەوەشکردووە: "بۆیە ڕایدەگەیەنین وەک (پزیشکانی نیشتەجێی خوولاو و پلەبەند و نیشتەجێی دێرینی تەواوی بەشەکان) بڕیارمانداوە بە ڕاگرتنی دەوام لە سەرجەم نەخۆشخانەکانی سلێمانی لە کاتژمێر 8:00ی ئەمڕۆوە (یەکشەممە، 3ی ئایاری 2020)".
جەختیشیانکردووەتەوە: "تاکو گەیشتن بە چارەسەرێکی گونجاو و ڕیشەیی بۆ کێشەی ماف و مووچەکانمان ئامادەنابین بچینەوە سەردەوام و لەم ساتە بەدواوە بەرپرسیارییەتی تەندروستی و سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان بەتەواوەتی ئەخەینە ئەستۆی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە".