گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەندروستى جيهانى هۆكارى زيادبونى توشبوانى كۆرۆنا لە عێراق ئاشکرادەکات

2020.05.02 - 22:49
App store icon Play store icon Play store icon
تەندروستى جيهانى هۆكارى زيادبونى توشبوانى كۆرۆنا لە عێراق ئاشکرادەکات

ناس کورد- 

 

نوێنەرى ڕێكخراوى تەندروستى جيهانى لە عێراق دەڵێت، دوو هۆكار هەيە بۆ زيادبونى ژمارەى توشبوانى ڤايرۆسى كۆرۆنا لە عێراق و تەئكيديش دەكاتەوە كە ئەو ژمارانەى توشبوو كە تۆمار دەكرێن جێى نيگەرانى نين.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەدهەم ئيسماعيل، نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی باسى لەوەكردوە، دوو هۆكار هەيە بۆ زيادبونى ژمارەى توشبوانى ڤايرۆسى كۆرۆنا لە عێراق، يەكيان هەڵگرتنى قەدەغەى هاتوچۆ و خۆنەپاراستنى هاوڵاتيان و جێبەجێكردنى ڕێنماييەكان و گردبونەوەكانە.

 

باس لەوەشكرد، هۆكارى دوەميش ئەوەيە وەزارەتى تەندروستیى عێراق لە حاڵەتى بەرگريەوە چوەتە حاڵەتى هێرشكردن و ڕوپێوى گشتگيرى دەستپێكردوە و بۆ توشبوان دەگەڕێت. 

 

تەئكيديشى كردوەتەوە، هەڵگرتنى قەدەغەى هاتوچۆ دواى 14 ڕۆژ لە هەڵگرتنى قەدەغەکە بەشێوەيەكى ڕێژەيى چاوى پێدا دەخشێنرێتەوە كە ئەو ماوەيەش ڕۆژى دووشەممەى داهاتوو كۆتايى دێت.

 

نوێنەرى ڕێكخراوى تەندروستیى جيهانى ئەوەشى ڕونكردوەتەوە، ژمارەى توشبوان و ئەو ژمارانەشى لە چەند ڕۆژى ڕابردودا تۆمار كراون جێى نيگەرانى نين، ئەگەر ژمارەكان بەردەوامبون لە بەرزبونەوە ئەوا نوێنەرايەتى ڕێكخراوەكە هەفتەى داهاتوو كۆدەبێتەوە بۆ گرتنەبەرى ڕێوشوێنى گونجاو، ئەويش لەڕێگەى بڵاوكردنەوەى هۆشيارى و جێبەجێكردنى قەدەغەى هاتوچۆ بەشێوەيەكى باشتر.

 

ئەدهەم ئيسماعيل دەشڵێت، وەزارەتى تەندروستى بڕياريداوە قەدەغەى هاتوچۆ بسەپێنێتەوە ئەگەر ژمارەكان بەردەوام ڕوويان لەزيادبون كرد ئەوەش سەرەڕاى كاريگەريە ئابوريەكانى، ڕێكخراوەكە هيواخوازیشە قەدەغەى هاتوچۆ لەو پارێزگايانەى توشبويان تێدا تۆمار ناكرێت و ژمارەكان بەرز نابنەوە هەڵگيرێت بە تەواوەتى و ڕێگەكانى نێوان پارێزگاكان و فڕۆكەخانە نێودەوڵەتيەكان بكرێنەوە.

 

لەماوەى چەند ڕۆژى ڕابردودا ژمارەى توشبوانى ڤايرۆسى كۆرۆنا لە عێراق ڕووى لە زياد بون كردوە و ئەمڕۆ شەممە 66 توشبوى تر تۆمار كران، بەوەش كۆى گشتى توشبوان لەسەرتاسەرى عێراقدا گەيشتوەتە 2219 كەس و تائێستاش 95 كەس گيانيان لەدەستداوە و 1473 توشبوش چاكبونەتەوە.