گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لێکدانەوەکان بۆ هێرشەکەی داعش بۆسەر حەشد لە سەڵاحەدین.. پلانێکی نێودەوڵەتی بۆ خستنی کازمی

2020.05.02 - 20:06
App store icon Play store icon Play store icon
لێکدانەوەکان بۆ هێرشەکەی داعش بۆسەر حەشد لە سەڵاحەدین.. پلانێکی نێودەوڵەتی بۆ خستنی کازمی

ناس کورد-

 

هێرشێکی ژمارەیەک چەکداری داعش بۆسەر چەکدارانی حەشدی شەعبی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێک پێیانوایە هێرشەکە مەرامێکی سیاسی لە پشتەوەیە و بۆ پەلەکردنە لە تێپەڕاندنی کابینەکەی کازمی، هەندێکی دیکەش دەڵێن، پلانێکی نێودەوڵەتییە بۆ شکستهێنان بە کابینەکەی کازمی.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆ شەممە 2ی ئایاری 2020، دەستەی حەشدی شەعبی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، چەکدارانی داعش هێرشیان کردوەتەسەر بارەگاکانی لە ناوچەکانی بەلەد و مکێشیفە لە باشووری شاری تکریتی سەنتەری پارێزگای سەڵاحەدین و لە ئەنجامدا 10 چەکداری حەشدی شەعبی کوژراون و ژمارەیەکی زۆرتریش بریندار بوون.

 

 پاش هێرشەکە، مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكوه‌زیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگه‌یاند: "ئه‌و هه‌وڵه‌ی تیرۆرستانی داعش هه‌وڵێكی شكستخواردوه‌ بۆ قۆستنه‌وه‌ی ئه‌و ململانێ سیاسییانه‌ی له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌ت هه‌یه‌".

 

وتیشی: "هه‌وڵه‌كه‌ی داعش وا ده‌كات زیاتر هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتی بكەین و ده‌بێت هێزه‌ سیاسییه‌كان دوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی و پشك پشكێنه‌ هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت".

 

کازمی لە ڕاگەیاندراوەکەدا بەڵێنی ئەوەشیدا  كه‌ تیرۆرستان له‌ هه‌ر شوێنێك بن به‌ره‌نگاریان ببنه‌وه‌ و  وتی:  "كۆتایی تیرۆرستان له‌سه‌ر ده‌ستی ڕۆڵه‌كانی عێراق نزیكه‌".

 

لای خۆشییەوە حەسەن  کەعبی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەسەر ڕووداوەکە هاتەدەنگ و لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی: "داعش قەیرانی کۆرۆنا و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەو پەتایە بۆ خۆی قۆستوەتەوە و پەلامارەکانی زیادیان کردووە".

 

ئاماژەی بەوەشکرد: "بەشێکی زۆر لە بەرپرسیارێتی ئەو هێرشە دەکەوێتە ئەستۆی سەرکردە سەربازییەکانی حەشدی شەعبی، چونکە وەک پێویست نەیانتوانیوە ڕێکارە سەربازییەکان و ئەمنییەکان پەێڕەو بکەن".

 

 هاوکات فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی پێیوایە داعش دەیەوێت ئەوە بسەلمێنێت کە کۆتایی نەهاتووە و  لە ڕاگەیاندراوێکدا وتی: " لەڕێگەی ئەو جۆرە هێرشانەوە ڕێکخراوی داعش دەیەوێت کاریگەری دەروونی دروست بکات بۆ ئەوەی بگرێتەوە خاڵی یەکەم و خۆی بسەلمێنێت کە بوونی هەیە و ماوە ".

 

 فەیاز داواشی لە هێزە ئەمنییەکان کرد زیاتر چاو کراوەتربن لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییە.

 

لەبارەی هێرشەکەوە سیاسەتمەدارێکی عێراقی جەخت لەوە دەکاتەوە، بەبێ هاوکاریی ئەمریکا، عێراق ناتوانێ ڕێکخراوی داعش لەناو ببات.

 

ئینتیفاز قەنبەر، چاودێری سیاسیی عێراقی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) ڕایگەیاندوە، هێرشەکەی داعش لە مکێشیفە شکستی سەربازیی حەشدی شەعبی ئاشکراکرد، سەرەڕای ئەو هەموو پارەیەی لێی خەرج دەکرێ.

 

ئەو چاودێرە سیاسییە بە پێویستی زانی حکومەتی عێراق چەند هەنگاوێک بۆ دڵنیاکردنەوەی هێزە ئەمریکییەکان بهاوێژێت، بۆ ئەوەی دووبارە هاوکاریی عێراق بکەنەوە لە شەڕی دژی داعش، چونکە: "عێراق بەبێ ئەمریکا ناتوانێ سەرکەوێ بەسەر داعش".

 

هاوکات، باقر زوبەیدی، وەزیری ناوخۆ و دارایی پێشوتری عێراق و سەرکردە لە ئەنجومەنی باڵای عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت: " هێرشەکەی سەلاحەدین، فشارێکە بۆپێکهێنانی حکومەتێک کە لە بەرژەوەندی لایەنە هەرێمایەتییەکان و نێودەوڵەتییەکاندا بێت ". 

 

وتیشی: "چەند لایەنێک شکستیان هێناوە لە بردنەوەی یارییەکە لە ڕێگەی سیاسەتەوە، بۆیە  لە ئێستادا دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەو جۆرە هێرشانەوە مەرامە سیاسیەکانیان بهێننە دى و هەوڵی ئەو دەدەن پڕۆژەی داعش جارێکی دیکە زیندو بکەنەوە".

 

عەدنان ئەسدی، ئەندامێکی  لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی عێراقیش داوای لە سەرکردە سەربازی و ئەمنییەکانی عێراق کرد دووبارە چاو بە دۆسێی ئەمنی ناوچە تازە ڕزگارکراوەکان بخشێننەوە، ئەو دەڵێت: " دەبێت سەرکردە سەربازییەکان و ئەمنییەکان بە شێوەیەکی جدی تێڕوانین بۆ دۆسێی ناوچە تازە ڕزگارکراوەکانی دەستی داعش بکەن وبەزوترین کات هۆکاری کەلێنە ئەمنییەکان لەو ناوچانە دەست نیشان بکرێن ".

 

زیاد بوونی پەلامارەکانی داعش، پەتای کۆرۆنا و قەیرانی دابەزینی نرخی نەوت  وایکردووە ترس لەسەر پێکهێنانی حکومەتەکەی کازمی دروست بێت، ئەمە لە کاتێکدا  کە هەندێک زانیاری باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ حكومه‌تی داهاتوی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكوه‌زیرانی ڕاسپێردراو كاتی نییه‌ و ڕه‌نگه‌ چه‌ند ساڵێك به‌رده‌وام بێت.

 

باسم خه‌شان، په‌رله‌مانتار له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دەڵێت: "به‌پێی ئه‌و به‌رنامه‌ حكومییه‌ی كه‌ مسته‌فا كازمی دایڕشتووه‌، ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی، كاتی نییه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و باسی كردووه‌ ماوه‌یه‌كی زیاتری بۆ جێبه‌جێكردنی ده‌وێت".

 

خه‌شان دەشڵێت: "ئه‌گه‌ر حكومه‌تی كازمی كاتی بێت، ئه‌وا له‌ ماوه‌ی حوكمڕانییه‌كه‌یدا ده‌توانێت ته‌نها 10%ی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ جێبه‌جێ بكات كه‌ دایڕشتووه‌، جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌كه‌ش ته‌مه‌نی ته‌واوی چوار ساڵی حكومه‌تی ده‌وێت، نه‌ك ماوه‌یه‌كی كاتی".

 

هاوکات ڕەحیم عەبودی، ئەندامی دەستەی گشتیی ڕەوتی حیکمە بە میدیا عێراقییەکانی وتووە، گوشاری زۆر لەسەرعێراق هەیە بۆ تێپەڕاندنی کابینەی نوێی حکومەت لە نێوخۆی عێراق و لە دەرەوەی عێراقیش هەمووان مەبەستیانە کابینەی نوێی حکومەت پێکبهێنرێت". 

 

 لای خۆشییەوە یۆنامی هۆشداریی ئەوەی دا بە  لایەنە عێراقییەکان لەوەی: "عێراق بەرەو چارەنووسێکی نادیار هەنگاو دەنێت "وبۆ نەگەیشتن بەو چارەنووسە نادیارەش ماوەیەکی کەمی لەبەردەست".