گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دووشەممە شاندەکە سەردانی بەغدا دەکەنەوە

سەرچاوەیەک: داوامان کردووە بەغدا موچەى ئەم مانگە بنێرێت و ڕەتیشی نەکردووەتەوە

2020.05.02 - 18:54
App store icon Play store icon Play store icon
سەرچاوەیەک: داوامان کردووە بەغدا موچەى ئەم مانگە بنێرێت و ڕەتیشی نەکردووەتەوە

ناس کورد-

بەشداربوویەکی کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێم و بەغدا ڕایگەیاند، لە دوو ڕۆژی دانوستانەکاندا لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا وردەکاری نەوتی هەرێم و چۆنیەتی دابەشکردنی موچە تاوتوێ کراوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەشداربوویەکی دانوستانەکان بە مەرجی بڵاونەکردنەوەى ناوەکەى بە ناس کوردی وت، هەموو هەوڵێکی ئێمە بۆ ئەوە بوو موچەى ئەم مانگە (نیسان) وەربگرین و بەغدا ئەو داوایەی ڕەت نەکردووەتەوە.

 

وتیشی، دانوستانیش کراوە لەسەر موچەى مانگی ئایار و حوزەیران چونکە بەغداش کێشەى دارایی و کورتهێنانی بودجەى هەیە، بۆیە دووشەممە جارێکی تر شاندەکەى هەرێم سەردانی بەغدا دەکاتەوە.

 

ئاماژەى بەوەشکرد، لە دوو ڕۆژی دانوستانەکاندا "چوینە وردەکاری نەوتەوە، هەموو داتاکانی خۆمان لەبارەى ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت و موچەى فەرمانبەران دا بە وەزارەتی نەوتی عێراق."

 

ڕاشیگەیاند، "ڕۆژی دووشەممە شاندەکەى هەرێم سەردانی بەغدا دەکاتەوە، هەمان ئەو شاندەی پێشوو دەبن، بەڵام لەوانەیە چەند کەسێکی تەکنیکی ببرێت بۆ یەکلاکردنەوەى دۆسییەکان."

 

"پێمان وتن لاریمان نییە داهاتە نەوتی و نا نەوتییەکان ڕادەست بکەین بەڵام دەمانەوێت ڕێککەوتنێک بکەین کە وەک عێراق هەڵسوکەوتمان لەگەڵ بکرێت، ئەگەر موچەى خۆتان دا ئەوەى ئێمەش بدەن، ئەگەریش کەم کرایەوە ئێمەش کێشەمان نییە، چونکە ئەگەر نەوت ڕادەست بکەینەوە ئیتر داهاتمان نامێنێت."

 

ئاشکراشیکرد، بابەتی ڕادەستکردنی نەوت بە تەواوەتی بە بەغدا کێشە نییە لەلای حکومەتی هەرێمەوە، "ئێمە وتمان ئێوە چۆنتان پێ باشە ئاوا دەکەین، ئەگەر دەتانەوێت نەوتەکەتان بۆ ڕەوانە بکەین یان داهاتەکەى ئێمە ئامادەین،

 

بەڵام لە بەرانبەردا ئێمەش دەبێت وەک عێراقییەک مافمان هەبێت."

 

ئەو بەشدارەی کۆبوونەوەکان جەختیکردەوە کە عێراق داوای تەواوی داهاتە نا نەوتییەکانیشی کردووە وەک گومرگ و باج و ڕسومات.

 

"هەرێم هیچ کێشەی لەسەر ڕادەستکردنی داهاتە نا نەوتییەکانیش نییە چونکە بەپێی یاسا 50%ی گومرگ بۆ خۆمانە، زۆربەى زۆری باجەکانی ئێمە ناوخۆیین و ناچنە خانەى باجی فیدڕاڵی و ڕادەستی بەغدا ناکرێنەوە."