ناس کورد-
فوئاد حسێن وەزیرى دارایی عێراق ڕایگەیاند، هەندێک دەیانەوێت پۆستى وەزارەتى دارایی لە کورد بسەننەوە، دەشڵێت دەبێت ئەوە رونبکرێتەوە کە چۆن نوسراوى راگرتنى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم دەرکراوە لەکاتێکدا ئەوە لە دەسەڵاتى وەزیرى داراییدایە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
فوئاد حسێن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى شەرقیە ئاماژەى بەوەدا، هیچ هەڵەیەکى نەکردووە لەبارەى خەرجکردنى شایستە داراییەکان بۆ هەرێمى کوردستان و ئەو دژایەتییەى کە دەکرێت بەشێکى لەبەرئەوەیە کە ئێستا کاتى پێکهێنانى کابینەى نوێیە.
وتیشى "وەزیرى دارایی لە کابینەى داهاتوو، دۆخێکى ئیحراجییە بۆ هەر کەسێک کە وەریبگرێت، وەک جەنگاوەرێک وایە کە هیچ چەکێکى پێنەبێت".
لەبارەى نوسراوى ڕاگرتنى موچەى فەرمانبەرانى هەرێمەوە، وەزیرى دارایی باسى لەوەکردووە، ئەوە لە دەسەڵاتى ئەمیندارێتى ئەنجومەنى وەزیران نییە، بەڵکو دەسەڵاتى وەزیرە، بۆیە ئەو نوسراوە هەڵەیە.
دەشڵێت بەڵام ئەمیندارێتى ئەنجومەنى وەزیران باسى لەوەکردووە کە پشتى بە فەرمانى سەرۆکوەزیران بەستووە کە دەسەڵاتى زیاترە لە وەزیر، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو وەکو وەزیرى دارایی بە سەرۆکوەزیرانى وتووە کە ئەو کاتێک نوسراوەکەى بەەستگەیشتووە لەسەرى نوسیوە پابەندبوون بە یاساى بودجە و ئیدارەى دارایی، بەڵام شارەزایانى یاسایی لە ئەنجومەنى وەزیران خوێندنەوەى دیکەیان بۆ کردووە.
فوئاد حسێن جەختیکردووەتەوە، دەبێت بگەن بەرێکەوتنێک لەو بارەیەوە و ئەم پرسە نابێت بەم شێوەیە بێت.
ئەوەشى خستووەتەڕوو، بەغدا زیاتر لەو بڕە پارەیەى لە هەرێم بریوە، کە لە یاساى بودجەدا وەکو سزاى رادەستنەکردنى نەوت دیاریکراوە، بۆیە نەدەبوو موچەى فەرمانبەران ببڕدرێت.