گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

راپۆرتێکى ئەمریکى: نێوەندگیریی عامرى شکستیهێناوە ...24 گروپى دیکە ئامادەن لە حەشد جیابنەوە

2020.05.02 - 10:23
App store icon Play store icon Play store icon
راپۆرتێکى ئەمریکى: نێوەندگیریی عامرى  شکستیهێناوە ...24 گروپى دیکە ئامادەن لە حەشد جیابنەوە

ناس کورد-

هادى عامرى ئەمیندارى گشتى رێکخراوى بەدر "شکستیهێناوە" لە ڕازیکردنى حەشدى مەرجەعیەت بۆ گەڕانەوەى بۆ ریزەکانى حەشدى شەعبى و 24 گرپى دیکە ئامادەن جیابنەوە، ئەوەش بەپێی ڕاپۆرتێکى ماڵپەڕى حورەى ئەمریکى.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

هەفتەى ڕابردوو دواى ئاڵۆزبوونى کێشەکانى ناو حەشدى شەعبى و کشانەوەى چوار لیواى سەر بە مەرجەعیەت لەدەستەى حەشدى شەعبى، هادى عامرى هەوڵێکى بۆ چارەسەرى کێشەکە و پاراستنى یەکگرتوویی حەشد دەستپێکرد.

 

ماڵپەڕى حورەى ئەمریکى لەزارى سەرچاوەیەکى ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، عامرى پێشنیازى لەکارخستنى ئەبو فەدەک مەحمەداوى کردووە کە بەم دواییە وەکو جێگرەوەى ئەبو مەهدى موهەندیس دیاریکرا، لەگەڵ دیاریکردنى دوو جێگر بۆ سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبى، یەکێکیان سەر بە مەرجەعیەت و ئەوەى دیکەشیان سەر بە حەشدى وەلائی بێت.

 

بەوتەى سەرچاوەکە، ئەحمەد سافى نوێنەرى سیستانى بەتەواوەتى پێشنیازەکەى ڕەتکردووەتەوە، بەوەش پرۆژەى نێوەندگیرییەکەى عامرى شکستیهێناوە.

 

سەرچاوەکە باسى لەوەشکردووە، کە بەم نزیکانە 10 گروپى دیکەى حەشد جیادەبنەوە و پەیوەندى بە حەشدى مەرجەعیەتەوە دەکەن.

 

رونیشیکردووە، ئەو 10 گروپە و گروپە سونییەکان و سەرایا سەلام، ژمارەى ئەندامەکانیان 90 هەزارە، لەکۆى 164 هەزار کەسى سەر بە حەشدى شەعبى.

 

سەرچاوەکە جەختیکردووەتەوە، گروپەکانى سەر بە سیستانى، خۆیان بەبەشێک لە دامەزراوەى سەربازى عێراق دەزانن، لەسەر ئەو بنەمایەش کاردەکەن لەرێگەى دەستوەرنەدان لە کاروبارى سیاسی و دیبلۆماسی و تەنانەت ناوچەیی لەو پارێزگایانەى لێی جێگیربوون.

 

بەوتەى هیشام هاشمى شارەزاى کاروبارى ئەمنى، جگە لە چوار لیواکەى حەشدى مەرجەعیەت، نزیکەى 10 لیواى دیکە وەلائیان بۆ سیستانى ڕادەگەیەنن، لەگەڵ 14 لیواى سوونى حەشدى عەشایەرى و ناوچەیی و گروپى سەرایا سەلامى سەر بە موقتەدا سەدر.

 

باسى لەوەشکردووە، دژیەکى بەرژەوەندى گروپەکانى حەشد، بەتایبەتى حەشدى سەر بە مەرجەعیەت، ململانێیکەى ئاشکراکردووە، لەگەڵ بوونى دژیەکى لە هەڵوێستى جەمسەرەکان لەسەر پرسە نێودەوڵەتییەکان.

 

بەوتەى هاشمى چەند کێشەیەکى دیکەش هەن، وەک پرسی داماڵینى چەک و کۆنترۆڵکردنى لەلایەن دەوڵەتەوە، موچەى سەربازى و تەمەن و بڕوانامە و پلەى سەربازى و پشتیوانى لۆجیستى، ئەوەش مشتومڕى درێژ و ئاڵۆزى لەناو دەستەى حەشدى شەعبى دروستکردووە و تواناکانى پەکخستووە بۆ گرتنەبەرى بڕیارى یەکلاکەرەوە و خێرا.