گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کارنامەکەی کازمی و ترس لە باسنەکردنی پرسی کورد تێیدا.. بۆچی باسی کوردی نەکردووە؟

2020.05.01 - 20:17
App store icon Play store icon Play store icon
کارنامەکەی کازمی و ترس لە باسنەکردنی پرسی کورد تێیدا.. بۆچی باسی کوردی نەکردووە؟

ناس کورد-

باس نەکردنی پرسی کورد لە کارنامەی کابینەکەی کازمی دا ترسی ئەوەی دروستکردووە، کازمی ببێتە کێشەیەکی دیکە بۆ کورد و داوا دەکرێت بەپەلە سەرکردایەتی سیاسی کورد لەگەڵ ناوبراودا کۆببێتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

پەرلەمانتارێکی پێشووی کورد لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، کارنامەی کابینەکەی کازمی زۆر مەترسیدارە و پێویستە دەنگی پێنەدرێت، پەرلەمانتارێکی ئەم خولەش پێیوایە، کارنامە زۆر گرنگ نییە و پێویستە ڕێککەوتن لەگەل کازمیدا بکرێت و ئەوکات بریاری دەنگدان بە کابینەکەی بدرێت.

 

مەترسییەکانی کارنامەکەی کازمی لەسەر کورد

 

شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاماژەی بەوەکردووە: "ئەوەی کارنامەی کابینەکەی مستەفا کازمی بخوێنێتەوە دەبینێت کە بەداخەوە بەهیچ شێوەیەک داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان لەکارنامەکەدا جێگای نەکراوەتەوە و بەهیچ شێوەیەک باسی جێبەجێکردنی مادەی 140 و ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم و شایستەی پێشمەرگە لە موچەو چەک و تەقەمەنی نەکراوە".

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: "هەروەها ئاماژە بەکێشەی موچەو نەوت نەکراوە لەنێوان هەرێم و بەغدا، بۆیە گومان دەکرێت ئەو کارنامەیە ئامادەکرابێت و درابێتە کازمی تا رايبگەیەنێت".

 

ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی عێراق جەختیکردووەتەوە: "بەرنامەکەی مستەفا کازمی زۆر مەترسیدارە و پێویستە دەنگی پێنەدرێت".

"دوو هۆکار هەیە بۆ ئەو کارەی کازمی"

 

موسەنا ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە کارنامەی کەسی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت لە عێراق و هەرێمیش جگە لە هۆکارێک بۆ وەرگرتنی متمانە بۆ کابینەکە هیچی دیکە نییە.

 

ئەو بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ڕاستە دەبوو کازمی لە کارنامەکەیدا باسی پرسی کورد و کێشيکانی نێوان هەرێم و بەغدای بکردایە، بەڵام لە عێراق و هەرێم کارنامە هێندە گرنگ نین، بەراورد بەوەی کە ئەو کەسە چۆنە و دەیەوێت لە واقعدا چی بکات، چونکە ئەوەی لە کارنامەدا دەنوسرێت خۆ هیچی جێبەجێناکرێت".

 

وتیشی، دوو هۆکار ئەوەیە بۆ ئەوەی کە کازمی باسی کوردی نەکردووە لە کارنامەکەیدا، یەکەمیان ئەوەیە نایەوێت لەئێستادا شیعەکان لە خۆی توڕە بکات و کێشە بۆخۆی دروستبکات لەم سەروبەندی دروستبوونی کێشانەدا کە کازمی پێویستی بە شیعەکانە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی.

 

"دووەم هۆکاریش ئەوەیە کە کازمی هەر لەگەڵ پرسی کورد دا نییە و دەیەوێت دژایەتی کورد بکات، کە ئەوەیان ئەگەرێکی دوورترە، بەراورد بە دۆستایەتی کازمی و کورد"، موسەنا ئەمین وای وت.

 

هاوکات شاخەوان عەبدوڵا دەڵێت: "ئەو کارنامەیە لەلایەن کتلەی فتح نوسراوە و داخوازی شیعەکان و حلبوسی لەبەرەی سونەکان و هەروەها لایەنە شیعەکانیش تێدا جێکراوەتەوە و لە بەرژەوەندی ئەوان نوسراوە".

 

کورد چی بکات؟

 

شاخەوان عەبدوڵا پێیوایە، گرنگە بەپەلە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان و سەرۆکی هەرێم رێکەوتنێکی پێشوەخت لەگەڵ کازمی دا لەسەر کۆی ئەوپرسانە بکەن و دەڵێت: " نابێت چیتر پەیوەندییەکانمان لەسەر بناغەی کەسەکان دابرێژین و دەبێت ئەو بابەتە بەفەرمی بکرێت ، بەپێچەوانەوە نابێت کورد تا ئەو کاتە دەنگ بەکارنامەو کابینەکەی کازمی بدات".

 

هاوکات موسەنا ئەمین ئاماژەی بەوەکرد: "هەرچەندە پێشتر هەندێک گفتوگۆ لەگەڵ کازمی دا کراوە بۆیەش پشتگیری کرا لەلایەن سەرکردایەتی سیاسی کوردەوە، هەرچەندە زوو بوو ئەو پشتیگیریکردنە و نەدەبوو بەوشێوە خێرایە پشتگیری بکرێت".

 

ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێستاش پێویستە شاندێکی تایبەت لەگەڵ کازمی دا دابنیشن و گفتوگۆ بکەن لەبارەی پرسی کورد لە کابینەکەی کازمیدا، هەروەها هەماهەنگی هەبێت لەنێوان فراکسیۆنە کوردییەکانی بەغدا بۆ ئەوەی پێش وەرگرتنی کۆمەڵێک بەڵێنی تایبەت بە کورد، بریاری دەنگدان بە کابینەکەی نەدرێت".