گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

داوادەکرێت مەسرور بارزانی خۆی بچێتە بەغدا.. خەڵک چاوەڕوانی چارەسەرە نەک دەستەوەستان بوون

2020.05.01 - 17:06
App store icon Play store icon Play store icon
داوادەکرێت مەسرور بارزانی خۆی بچێتە بەغدا.. خەڵک چاوەڕوانی چارەسەرە نەک دەستەوەستان بوون

ناس کورد-

ژمارەیەک پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان نامەیەکیان ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کردووە و داوا دەکەن بۆ پاڵپشتیکردنی شاندەکەی هەرێم بچێتە بەغدا، دەشڵێن، خەڵك چاوەڕێن حكومەت، حكومەتی چارەسەركردنی قەیرانەكان بێت، نەك دەستەوەستانبون لە چارەسەركردن دا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

شەش پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان کە پێکهاتوون لە هەریەک لە، مەم بورهان قانع، سەرچنار ئەحمەد، روپاك ئەحمەد، موسلیم عەبدولڵا قەسرێ‌، گۆران عومەر عەلی و بەدریە ئیسماعیل مەحمود، نامەیەکیان ئاڕاستەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم کردووە.

 

لە نامەکەیاندا ئەوە هاتووە: " بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەند رۆژێكە شاندی هەرێمی كوردستان لە بەغدایە و تائێستا ئاسۆیەكی رون دیارنییە كە ئەم شاندە بتوانێت قەناعەت بە بەرپرسانی باڵای عیراق بكات بۆ ئەوەی موچەی ئەم مانگەی هەرێم رەوانەبكات، سەرەڕای چارەسەركردنی ریشەیی بۆ كێشەی موچەخۆرانی هەرێم و بۆ ئەم مەبەستەیش دەسەڵاتیان پێنەدراوە هەركاتێ‌ بەغداد داوایەكی نوێی پێشكەشكردن، بتوانن دەمودەست بڕیاری لێبدەن".

 

ئاماژەیان بەوەشکردووە: " بۆ نمونە سەرەڕای رادەستكردنی نەوتی هەرێم بە كۆمپانیای "سۆمۆ"ی عیراقیی، بەغدا داوای داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەكان و فرۆكەخانەكانیش دەكات، بۆیە لەو سۆنگەیەوە كە ئێستا هەرێم بەدەست سەختترین قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێ‌ و نزیكەی 50 رۆژە موچەی موچەخۆرانی هەرێم نەدراوە و حكومەت-یش موچەی پێنادرێت و ناڕەزایی گەورەیش بەرێوەیە، داواكارین بۆ پاڵپشتیی ئەو شاندەی لەبەغدایە، سەردانی بەغداد بكەیت و نیەتباشیی حكومەتی هەرێم نیشانبدەن بۆ رادەستكردنی نەوت و داهاتی خاڵە سنورییەكان و داهاتەكانی ناوخۆ، بۆ ئەوەی لە بەرانبەردا هەرێم تەواوی شایستە داراییەكانی بەپێی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2020 و هەروەها بەپێی دەستوری عیراقیی بدرێتێ".

 

لە کۆتایی نامەکەیاندا بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێم، ئەو شەش پەرلەمانتارە ئەوەیان خستووەتەڕوو: "خەڵكی كوردستان چاوەڕێن حكومەتی هەرێم، حكومەتی چارەسەركردنی قەیرانەكان و بڕیارە یەكلاكەرەوەكان بێت، نەك دەستەوەستانبون لە چارەسەركردن دا".

 

ئەمە لەکاتێکدایە، چەند ڕۆژێکە، شاندێکی حکومەتی هەرێم لە بەغدان و چەند کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەغدا ئەنجامداوە، کە دواترینیان لەگەڵ هەریەک لە عادل عەبدولمەهدی و مستەفا کازمی و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقدا بوو، بەڵام تاوەکو ئێستا ئاماژە بەهیچ ڕێککەوتنێک و هەنگاوێکی کرداری بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نەکراوە.