گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چوار سیناریۆ بۆ گەرەنتیکردنى موچەی فەرمانبەرانی عێراق تا چوار مانگى داهاتوو

2020.05.01 - 14:21
App store icon Play store icon Play store icon
چوار سیناریۆ بۆ گەرەنتیکردنى موچەی فەرمانبەرانی عێراق تا چوار مانگى داهاتوو

ناس کورد-

سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ئەو سیناریۆیانەى ئاشکراکرد کە حکومەت پەناى بۆ دەبات بۆ دابینکردنى موچەى فەرمانبەران، لە ئەگەرى بەردەوامى داڕوخانى نرخى نەوتیش، هۆشداریدەدات لە هەرەسى بەهاى دینار.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

هەیسەم جبورى، سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ هەینى لە لێدوانێکیى ڕۆژنامەنوسیدا ڕیگەیاند، 96%ى داهاتى عێراق لە نەوتەوە دابیندەکرێت، لەکاتێکدا داهاتى گومرگ و باج بووەتە سفر بەهۆى رێوشوێنەکانى بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆناوە.

 

وتیشى، "نرخى بەرمیلێک نەوتى عێراق لە ئێستادا بە کەمتر لە 20 دۆلار دەفرۆشرێت، واتە عێراق ئێستا تەنها 25%ى داهاتى دەستدەکەوێت بەراورد بە ساڵى ڕابردوو".

 

بەوتەى جبورى، عێراق دواى 60 ڕۆژ لە فرۆشتنى نەوت داهاتەکەى دەستدەکەوێت، بۆیە تا ئێستا کاریگەرى تەواوەتى قەیران رووى تێنەکردووە، پێویستە بۆ دابینکردنى موچە و قەرزەکانیش 72 ملیار دۆلار دابینبکرێت.

 

ڕونیشیکردووەتەوە، عێراق مانگانە پێویستى بە حەوت ملیار دۆلار هەیە وەک نزمترین ئاست بۆ دابینکردنى موچە، کۆى پارەى موچەش لە ساڵى ڕابردووەوە لە 40 ترلیۆن دینارەوە بۆ 52 ترلیۆن دینار بەرزبووەتەوە، بەهۆى ئەنجامدانى گرێبەست و دامەزراندنەوە لەلایەن حکومەتەوە.

 

هەیسەم جبورى جەختیکردەوە، موچەى فەرمانبەران بۆ مانگى ئایار گەرەنتیکراوە، بەڵام ئاماژە هەیە لەبارەى کەمبوونەوەى گەورەى داهاتەکان بۆ دوو مانگى داهاتوو (حوزەیران و تەمموز).

 

جبورى چوار چارەسەرى بەپەلەى ئاشکراکرد بۆ دانانى سندوقێکى مانگانە کە حەوت ملیار دۆلار لەخۆبگرێت، کە یەکەمیان بریتین لە راکێشانى پارەى زیادە لە هەندێک لە بانکەکان، پارەى  تایبەت بە کڕینى چەک لە ئەمریکا کە بەهاکەى 4.4 ملیار دۆلارە، قەرزکردن لە سندوقى بانکى نێودەوڵەتى بە بڕى 2.2 ملیار دۆلار، قەواڵەى نیشتیمانى نێوان بانکى ناوەندى و بانکەکان کە دەکرێت 40%ى کێشەکە چارەسەر بکات.

 

جبورى دەڵێت، بەو چارەسەرانە دەکرێت بۆ چوار مانگى دیکە دارایی عێراق گەرەنتى بکرێت.

 

ئاشکراشیکردووە، پێدانى موچەى فەرمانبەران بەبێ پەنابردن بۆ ئەو ڕێگایانە پێویستى بەوە هەیە بەرمیلێک نەوت بە 71 دۆلار بفرۆشرێت، چارەسەرى مامناوەندیش هەیە بۆ سوککردنى قەیرانەکە، وەکو پارەى خاڵە سنورییەکان کە ساڵانە داهاتەکەى دەگاتە نزیکەى نۆ ملیار دۆلار و دەوڵەت ئێستا تەنها 1.5 ملیارى دەستدەکەوێت بەهۆى بەهەدەردان و گەندەڵى و کۆنترۆڵى گروپە چەکدارەکانەوە.

 

لەبارەى یەدەگى دراوى قورس لە بانکى ناوەندى و تواناى بەکارهێنانى بۆ تێپەڕاندنى قەیرانەکە، جبورى دەڵێت، یەدەگى عێراق دەگاتە 81 ملیار دۆلار، کەمترین ئاستیش بۆ ئەوەى دراوى عێراق هەرەسنەهێنێت پێویستى بەوەیە ئەو یەدەگە 52 ملیار دۆلار بێت. 

 

هەروەها پێیوایە، هەموو فەرمانە وەزارییەکان بۆ دامەزراندن لەدواى  31 كانون یەکەمى 2018، پوچەڵن بەهۆى ئامادەنەکردنى پڕۆژەى بودجەوە.

 

جبورى باسى لەچەند پێشنیازێکى تر کرد، وەکو کەمکردنەوەى موچە بەڵام بەوتەى ئەو لیژنەى دارایی پشتیوانى ناکات، لەگەڵ ئەوەشدا بەدورى نەزانى بەشێک لە موچە ببڕدرێت لەچەند مانگى داهاتوودا.