گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سلێمانى دەیەوێت داهاتەکەى لە چنگى حکومەت دەربهێنێت.. یەکێتى و گۆڕان هەماهەنگن و پارتیش گومانى هەیە

2020.05.01 - 12:41
App store icon Play store icon Play store icon
سلێمانى دەیەوێت داهاتەکەى لە چنگى حکومەت دەربهێنێت.. یەکێتى و گۆڕان هەماهەنگن و پارتیش گومانى هەیە

ناس کورد-

هەوڵە نوێیەکەى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى بۆ ئامادەکردنى پڕۆژەیەکى نوێ لەبارەى سیستەمى لامەرکەزییەوە مشتومڕ و کاردانەوەى جیاجیاى دروستکردووە، یەکێتى و گۆڕان لەگەڵیدان و پارتیش "گومانى هەیە".

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

پرسى لامەرکەزى لە هەرێمى کوردستان بەپێی یاسایەک ڕێکخراوە کە ساڵى 2009لەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە پەسەندکراوە، لەسەر بنەماى ئەو یاسایەش ساڵى 2014 هەڵبژاردنى پارێزگاکان بەرێوەچوو.

 

ڕۆژى 26ى ئەم مانگە، ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لیژنەیەکى نۆ کەسى پێکهێنا بۆ ئامادەکردنى پرۆژەیەکى لامەرکەزى ئیداریى و درایى وەک ئەوەى لەمادەى (2) و (5)ى یاساى ژمارە (3)ى ساڵى (2009)ى ئەنجومەنى پارێزگاکاندا هاتووە، بەمەبەستى دابەزاندنى دەسەڵاتەکان لەناوەندەوە بۆ خوارەوە.

 

لامەرکەزى دارایی

ئامانج لە هەوڵەکەى ئێستا پرسی لامەرکەزى دارایی و دەرهێنانى دەسەڵاتى خەرجکردنى داهاتى پارێزگاکانە لە ناوەندەوە بۆ ئیدارەى پارێزگاکان، بەتایبەت کە ئێستا حکومەت لە قەیراندایە و ناتوانێت موچەى فەرمانبەران دابەشبکات.

 

ئەنوەر تاهیر، ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لە فراکسیۆنى گۆڕان بە ناس کورى ڕاگەیاند، "لامەرکەزیەت سیستەمێکى باشە بۆ هەرێم، بەڵام عەساى سیحرى پێ نییە، نە ئەو بەهەشتەیە کە یەکێتى باسیدەکات نە ئەو دۆزەخەشە کە پارتى باسیدەکات".

 

وتیشى، "هەوڵەکەى ئەمجارە زیاتر بۆ لامەرکەزیەتى داراییە، چونکە کۆى داهاتى هەرێم لە دەستێکى ئەمیندا نییە، دەمانەوێت داهاتەکان شەفاف بن و پارێزگاکان بتوانن سودى لێوەربگرن، ئەوەى ئێستا کە زیاتر مەرکەزییە نەمێنێت".

 

لە ئێستادا لە هەرێمى کوردستان سەرجەم داهاتەکان دەگەرێنرێتەوە وەزارەتى دارایی و پاشان دابەشدەکرێت بۆ موچەى فەرمانبەران و پڕۆژەکان، بەڵام ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى دەیەوێت داهاتى پارێزگاکان راستەوخۆ لەلایەن ئیدارەى پارێزگاکانەوە خەرجبکرێت.

 

ئەنوەر تاهیر هۆکارى هەوڵەکەى لە ئێستادا گەڕاندەوە بۆ قوڵبوونەوەى قەیرانەکان و شکستهێنانى حکومەت لەسێکتەرە جیاجیاکان، فەوزای ئیداریی و دارایی.

 

لەگەڵ ئەوەشدا ئەنوەر تاهیر گەشبین نییە بەوەى پڕۆژەکە جێبەجێبکرێت، چونکە تا ئێستا پێنج پرۆژەى هاوشێوەیان ڕادەستى حکومەت کردووە و جێبەجێنەکراوە.



هەماهەنگى یەکێتى و گۆڕان

لەساڵى 2017 ەوە ئەمە دووەم هەوڵى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانییە لەو بارەیەوە، بەڵام هەوڵەکەى ئەمجارە کە یەکێتى و گۆڕان هەماهەنگن لەبارەیەوە، پرسی "دوو ئیدارەیی" هێناوەتەوە بەرباس کە بەردەوام لەکاتى قەیران و کێشمەکێشە سیاسییەکاندا دەوروژێنرێت.

 

هۆشیار ئیسماعیل، ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لە فراکسیۆنى یەکێتى بۆ ناس کورد جەختیکردەوە، کە جێبەجێکردنى سیستەمى لامەرکەزى دەبێتە هۆى کارئاسانى بۆ حکومەت، لەرێگەى شۆڕکردنەوەى دەسەڵاتەکان بۆ پارێزگاکان.

 

وتیشى، "ئەمە بۆ هەموو هەرێمى کوردستانە نەک تەنها بۆ سلێمانى، ئەگەر جیبەجێبکرێت دهۆک زیاتر سودمەند دەبێت".

 

هۆشیار ئیسماعیل باسى لەوەشکرد، پڕۆژەکەى ئەمجارە دەوڵەمەند دەکرێت و هەماهەنگى لەنێوان سەرجەم فراکسیۆنەکاندا هەیە، بەتایبەتى لەنێوان یەکێتى و گۆڕان کە دوو لەسەر سێی ئەندامانى ئەنجومەن پێکدەهێنن.

 

"هەندێک پرسەکە دەبەستن بە دوو ئیدارەییەوە، بەڵام لە راستیدا لامەرکەزیەت جیاوازە، کاتەکەشى زۆر گونجاوە، شتێکیش نییە دژى پارتى و هەر لایەنێکى تر".

 

سەربارى یاساکەى پەرلەمان بۆ جیبەجێکردنى سیستەمى لامەرکەزیەت، ساڵى 2014حکومەتى هەرێم ئەو دەسەڵاتانەشى لە پارێزگاکان سەندەوە کە پێشتر پێیدابوون، ئەوەش بەپاساوى شەڕى دژى داعش و سەرهەڵدانى قەیرانى دارایی، ئەوەش ئەنجومەنەکانى هاندا کە سورتربن لەسەر داواکانیان لەو بارەیەوە.

 

بەپێی ڕاپرسییەکى پەیمانگاى کوردى بۆ هەڵبژاردن کە ساڵى 2016 ئەنجامدرا لەسەر سیسەمى لامەرکەزیەت لەسەر ئاستى سلێمانى و هەڵەبجە و کەلار و ڕانیە بە بەشدارى 1200 کەس، 69%ى بەشداربوون لەگەڵ ئەوەدا بوون کە داهاتى پارێزگاکەیان بۆ پارێزگاکە خەرجبکرێت و نەگەرێتەوە بۆ ناوەند.

 

پارتى گومانى هەیە

هەوڵەکەى ئێستا لەو بارەیەوە گومانى لەلاى پارتى دروستکردووە، هەرچەندە ئەندامى هەیە لەو لیژنەیەى کە بۆ ئامادەکردنى یاساکە پێکهێنراوە.

 

زیاد کاکە رەزا، ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لە فراکسیۆنى پارتى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "هەموان کۆکین لەسەر ئەوەى کە لامەرکەزى سیستەمێکى گونجاوە، پێشتریش ئەمە لە پەرلەمان یاساى بۆ دەرکراوە".

 

وتیشى، "هەر داوایەک لەو بارەیەوە پاڵپشتێکى یاسایی لەپشتە، بەڵام ئەم هەوڵەى ئێستا جێگەى گومان و سەرسوڕمانە و ئامانجەکەى روون نییە، شتێک لە پشتیەوەیەتى".

 

ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لە 32 ئەندام پێکدێت کە بەسەر شەش فراکسیۆندا دابەش بووە، گەورەترین دوو فراکسیۆن یەکێتی و گۆڕانن کە دوو لەسەر سێی ئەندامەکانیان هەیە.

 

بەوتەى زیاد کاکەڕەزا، دوو فراکسیۆنە گەورەکە دەیانەوێت دەسەڵاتەکانى لامەرکەزى زیاتر بێت، بەڵام هەرچیەک بکرێت تەنها پێشنیازە و ڕەوانەى ئەنجومەنى وەزیران دەکرێت.

 

جەختیشدەکاتەوە کە کاتەکە "گونجاو نییە"، چونکە بەهۆى کۆرۆنا و بڕینى موچەى فەرمانبەرانەوە لەلایەن عێراقەوە هەرێم روبەڕووى دۆخێکى سەخت بووەتەوە و حکومەتیش لەلایەن هەر سێ لایەنە سەرەکییەوە پێکهێنراوە و خۆیان کارنامەیان بۆ داناوە.

 

لەبارەى ئەو دەنگۆی "رزگارکردنى سلێمانى" لەرێگەى ئەو پڕۆژەیەوە، زیاد کاکە ڕەزا وتى "دەیانەوێت سلێمانى لە چى و لەکێ ڕزگارى بکەن؟ حکومەت نۆمانگە پێکهێنراوە و سێ مانگە قەیران هەیە، لایەنەکان پێکەوە کارنامەیان بۆ داڕشتووە، جێگرى سەرۆکوەزیران لەسەر سلێمانى حسابە، حکومەت لە ئیستادا پێویستى بەوە نییە فشارى لەسەر دروستبکرێت".