گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کەى پەرلەمان دەنگ بە کابینەکەى کازمی دەدات؟.. ڕۆژنامەى سەباح وردەکاری دانوستانەکان دەخاتەڕوو

2020.05.01 - 12:18
App store icon Play store icon Play store icon
کەى پەرلەمان دەنگ بە کابینەکەى کازمی دەدات؟.. ڕۆژنامەى سەباح وردەکاری دانوستانەکان دەخاتەڕوو

ناس کورد-

ڕۆژنامەى سەباحی نیمچە فەرمی حکومەتى عێراق پێشبینی دەکات هەفتەى داهاتوو دانیشتنی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە کابینەکەى کازمی بەڕێوەبچێت دوای ئەوەى لایەنە سیاسییەکان گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر تێپەڕاندنی.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە ڕاپۆرتێکی ئەمڕۆیدا (1ی ئایاری 2020) ڕۆژنامەکە ئاماژەى بە هۆشدارییەکان داوە لەبارەى "یاریکردن لە کۆتا ساتەکاندا" کە لەوانەیە چەند لایەنێکی سیاسیی لەدژی کازمی ئەنجامی بدەن.

 

ڕاپۆرتەکە دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو هەنگاوێکی گرنگی بڕیوە بۆ پێکهێنانی حکومەتەکەى و تێپەڕاندنی لە پەرلەمان، لەئێستادا هیچی نەماوە تەنها ناردنی کابینەکەى نەبێت بۆ پەرلەمان تاوەکو دەنگی لەسەر بدرێت، سەرباری داوا و دەنگەکان بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە، بەڵام چەند سەرچاوەیەکی سیاسیی، بۆ ڕۆژنامەکە، هۆشدارییان داوە لە هەندێک لایەنی سیاسی کە هەمیشە لە کۆتاییدا کار دەکەن و دەیانەوێت ناکۆکییەکانیان لەو کاتە کۆتایی پێ بهێنن و دۆخەکە تێک دەدەن.

 

عامر فایز، پەرلەمانتاری سەربەخۆ بە ڕۆژنامەى سەباحی وتووە، "لەدوای گۆڕانکارییەکان لە ئەندامانی کابینەکەى کازمی و تەواوکردنی کارنامە حکومییەکەى، هێزە شیعییەکان ڕێککەوتن لەسەر پێدانی متمانە بە حکومەتەکەى کە کاندیدەکانی بۆ وەزارەتەکان جیاوازن لەوانەى دزەیان کردووە."

 

لە لێدوانەکەیدا بۆ ڕۆژنامەی سەباح، فایز ڕونیشیکردەوە کە "کازمی کاندیدی وەزارەتەکانی هەڵبژاردووە و لایەنە سیاسییەکانیش ڕەزامەندییان لەسەر داون، زۆربەى کاندیدەکانیش پێشتر ئەزمونیان نەبووە بۆیە ناکرێت لەئێستادا بڕیاریان لەسەر بدەین."

 

وتیشی، "تەمەنی وەزارەتەکەى کازمی لە یەک ساڵ تێپەڕ ناکات و سێ ئەرکی لەپێشینەى هەیە کە ئەوانیش ڕوبەڕوبوونەوەى کۆرۆنا، قەیرانی دارایی و ئامادەکارییە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، هەروەها بابەتی دەرکردنی هێزە بیانییەکان و گەڕانەوەى ئاوارەکانیش دوو ئەرکی ترن."

 

لەلایەکی ترەوە، ڕیاز مەسعودی، پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی سائیرون لە لێدوانێکیدا دەڵێت، "ئەوەى ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر کراوە دابەشکردنی وەزارەتەکانن لەسەر بنەمای بەرکەوتەى هەڵبژاردن."

 

مەسعودی پێشبینی دەکات لە دوو ڕۆژی داهاتوودا ناوی وەزیرەکانی کابینەکەى بدرێتە لایەنە سیاسییەکان و پەرلەمانتاران دوای نێردران بۆ دەستەى دەسپاکی و لێپرسینەوە و دادپەروەری، ئەوانیش پێش 48 کاتژمێر لە ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان دەیدەنە پەرلەمانتاران."

 

لەلایەکی ترەوە، سەرۆکى فراکسیۆنى سەنەد لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لایەنە سیاسییەکان ڕێککەوتوون لەسەر سەرپشککردنی مستەفا کازمی بۆ پێکهێنانی حکومەتەکەى بەڵام مەرجێکیان بۆ داناوە.

 

ئەحمەد ئەسەدی، سەرۆکى هاوپەیمانییەتییەکە کە لە چەند پەرلەمانتارێکی شیعەی ناو هاوپەیمان فەتح پێکهاتووە لە تویتێکیدا دەڵێت، "لایەنە سیاسییەکان کۆدەنگن لەسەر سەرپشککردنی کازمی بۆ دیاریکردنی ئەندامانی کابینە وەزارییەکەى بەپێی پێوەرە بابەتییەکان" و دەبێت بەسەر هەموواندا جێبەجێ بکرێت.

 

دەشڵێت، "پێویستە هەڵبژاردنەکانی کازمی لەسەر بنەمای دەستپاکی و لێهاتوویی و سەربەخۆیی و قبوڵکراو بێت" و پێویستە دابەشکردنی وەزارەتەکانیش هاوسەنگی نیشتمانی تێدا بێت.

 

هاوکات دوێنێ پێنجشەممە كۆبونەوەى ئەو ليژنەيەى پەرلەمانى عێراق بەڕێوەچوو کە بۆ گفتوگۆكردن و خوێندنەوەی کارنامەى حکومەتەکەى كازمى ڕاسپێردراو.   

  

سەرچاوەيەكى ئاگادار بە "ناس"ى ڕاگەیاند ليژنەكە بە سەرۆكايەتى حەسەن كەعبى، جێگرى يەكەمى سەرۆكى پەرلەمان دەستى بە كۆبونەوەكە كردوە، ئەويش بۆ ئەوەى خوێندنەوە بۆ ئەو بەرنامە حكوميە بكەن كە كازمى ڕادەستى پەرلەمانى كردوە.  

  

ئەمەش دواى ئەوەدێت، پێشتر مەحەمەد حەلبوسى، سەرۆكى پەرلەمانى عێراق ڕايگەياند كە ليژنەيەكيان بۆ خوێندنەوەی بەرنامەى حكومەى مستەفا كازمى پێكهێناوە.