گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا لە هەرێم؛ لە هەفتەیەکدا سێ هێندەی دوو هەفتەی پێشووتر حاڵەتی نوێ تۆمارکراوە

2020.04.30 - 22:06
App store icon Play store icon Play store icon
شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا لە هەرێم؛ لە هەفتەیەکدا سێ هێندەی دوو هەفتەی پێشووتر حاڵەتی نوێ تۆمارکراوە

ناس کورد-

لەدوای کەمبوونەوەی تۆمارکردنی حاڵەتەکانی کۆرۆنا و ئاسانکردنی ڕێکارەکانی قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان، شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسەکە لەماوەی هەفتەیەکدا 43 کەسی توشکردوەە، لەکاتێکدا لە دوو هەفتەی پێشووتردا تەنها 14 حاڵەت تۆمارکرابوو.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکانی وەزارەتی تەندروستی لە بەرواری 11ی نیسان تاوەکو 17ی نیسان، واتە لەماوەی هەفتەیەکدا کە قەدەغەی هاتوچۆ بەشێوەی توند بەردەوامبوو، 14 حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکراوە.

 

هاوکات لە 17ی نیسان بەدواوە تاوەکو 23ی نیسان کە سەرەتای کردنەوەی بازاڕ و دوکانەکان بوو، هیچ حاڵەتێکی توشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمارنەکرا.

 

دوای کەمبوونەوەی حاڵەتەکانی کۆرۆنا وخراپی بارودۆخی هاووڵاتیان لەڕووی داراییەوە، لە بەرواری 19ی نیسان، بەگوێرەی بڕیارەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنای پارێزگا و ئیدارەکان ڕێکارەکانی قەدەغەی هاتوچۆ ئاسان کران و بازاڕ و دوکانەکان کرانەوە.

 

بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی ناس کورد و بەپشت بەستن بە ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، لە بەرواری 23ی نیسان تاوەکو ئەمڕۆ 30ی نیسان، واتە لەماوەی هەفتەیەکدا و لەدوای کردنەوەی بازاڕ و دوکانەکان، 43 حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە.

 

لەو 48 حاڵەتە کە لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا تۆمارکراوە، 32 حاڵەتیان لە پارێزگای هەولێر بووە کە زۆرترینە و حەوت حاڵەتیش لە پارێزگای سلێمانی بووە کە بە پلەی دووەم دێت و پارێزگای دهۆکیش لە پلەی سێیەمدا دێت بە چوار حاڵەت.

 

تۆمارکردنی ئەو ژمارەیە لە هەفتەی ڕابردوودا، دەنگۆی دووبارە قورسکردنەوەی ڕێکارەکانی قەدەغەی هاتوچۆ و داخستنی بازاڕەکانی لێکەوتووەتەوە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمەوە نەدراوە.